مەسرور بارزانی و وەزیری دەرەوەی فەرەنسا کۆبوونەوە

مەسرور بارزانی و وەزیری دەرەوەی فەرەنسا کۆبوونەوە

K24 – هه‌ولێر:

ئەمڕۆ شەممە 2020/2/15 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە شاری میونشن پێشوازی لە جان ئیڤ لۆدریان، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا گۆڕانکاریی و پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە و هەوڵەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق تاوتوێ کرا.

وەزیری دەرەوەی فەرەنسا پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە و ئاماژەی بە گرنگیی مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و هەرێمی کوردستان کرد، بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی داعش.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی پشتیوانیی بەردەوامیی فەرنسای کرد لە هەرێمی کوردستان و هەڵوێستی دۆستانەی بەرامبەر گەلی کورد. لە بارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقیش، جەختی کردەوە، کە پێویستە رێز لە قەوارە و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بگیرێت و دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان، نوێنەرەکانی هەرێم لە حکومەتی نوێی عێراق دەستنیشان بکەن.