پۆلیسی هه‌ولێر ورده‌كاری كوژرانی هاووڵاتییه‌ك و برینداربوونی 3 كه‌سی دیكه‌ بڵاو ده‌كاته‌وه‌

تۆمه‌تباره‌كان ده‌ستگیركراوون

K24 – هه‌ولێر:

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا، كه‌ له‌ په‌یجی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، پۆلیسی هه‌ولێر رایگه‌یاند، به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ له‌ هه‌ولێر كه‌سێك كوژرا و 3ی دیكه‌ بریندار بوون.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌: "كاتژمێر (5)ی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەكشەممە، لە گەراجی (ئەكوا پارك) لە هەولێر، دەمەقاڵێ لە نێوان چەند كەسێكدا دروست دەبێت و دواتر تەقە دەكرێت، بۆیە بەو هۆیەوە كەسێك دەكوژرێت و 3 كەسی دیكەش بریندار دەبن".

لەو بارەیەوە، بەڕێوبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر عەمید (دلێر نەجاڕ) رایگەیاند، دوای رووداوەكەی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ لە گەراجی (ئەكوا پارك)، دەستبەجێ تیمەكانی پۆلیس گەیشتنە شوێنی تاوان و دەستیان بە لێكۆڵینەوەی ورد كرد و ناسنامەی ئەو كەسانەیان دیاری كرد كە تاوانەكەیان ئەنجام داوە.

عەمید (دلێر نەجاڕ) هەروەها روونیشیكردەوە، لە كەمتر لە (7) كاتژمێردا، تۆمەتبارەكان رادەستی دادگا كران.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، ئەوانەی تاوانەكەیان ئەنجام داوە، دوو تۆمەتبار بوون و یەكێكیان بە برینداری دەستبەسەر كرا، كە یەكێك لەو تۆمەتبارانە بكەری سەرەكیی تاوانەكەیە، لە ئەنجامی ئەو رووداوەشدا هاووڵاتییەك بە ناوی (هاوڕێ مەحموود قادر) كوژراوە و هەروەها دوو هاووڵاتیی دیكەش بە ناوەكانی (هـ. ع. ج.) و (ئ. س. ت.)، بریندار بوون.

ئەوەشی خستە ڕوو، كە تۆمەتباران (ش.ع.م) لەگەڵ (گ.ق.م)، بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانەكە و بە فەرمانی دادوەری لێكۆڵینەوە، بەپێی ماددەی (406) لە یاسای سزادان، بەند كراون.