ماوەی تەواو كردنی شەقامی 100 مەتری سلێمانی ئاشكرا دەكرێت
بە بڕیاری سەرۆكی حكومەت كارەكانی پڕۆژەكە دەستپێدەكات
K24 - سلێمانی
بڕیارە لە ئایندەیەكی نزیكدا كاركردن لە پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی دەست پێبكات، كە لەلایەن سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستانەوە بڕیار لەسەر جێبەجێكردنی دراوە، بە ھەمان ئەو دیزاینەی كە پێشتر بۆی داندرابوو. پارێزگاری سلێمانیش رایدەگەینێت، پڕۆژەكە لە ماوەی 3 ساڵ تەواو دەبێت و یارمەتیدەرێكی باش دەبێت بۆ كەمكردنەوەی قەرەباڵخی و ئاسانكاری بۆ ھاووڵاتییان.
ماوەی چەند ساڵێکە ھاووڵاتییان و شوفێرانی سلێمانی چاویان لەوەیە شەقامی 100 مەتری لە شاری سلێمانی دروستبکرێت و ئەو فشارە زۆرەی لەسەر شەقامەکان ھەیە کەم بکرێتەوە، ھەر بۆیە بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاردرا بەمنزیکانە دوای گونجانی کەشوھەوا ئامادەکارییە بەراییەکان دەست پێدەکات.
ھەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی بە كوردستان24ی راگەیاند: "بەپێی گربەستەكە لەماوەی سێ ساڵدا پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی تەواو دەكرێت، بەڵام كۆمپانیای جێبەجێكار بەڵێنیداوە لە ماوەی كەمتر لەو وادەیە پڕۆژەكە تەواو بكات، دەستپێكردنی پڕۆژەكەش دەگەڕێتەوە سەر ئەو رۆژەی كە وەزارەتی شارەوانی دیاری دەكات".
کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت رایگەیاندووە، پلانێکی تۆکمە و پێشکەوتووی بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە ئامادەکردووە بە کوالێتی بەرزی سەردەمیانە، بە گوێرەی پلانەکەشیان لە مانگی شوبات دوای لەباربوونی كەشوھەوا دەست بەكاركردن دەكەن. قۆناخی یەکەمی شەقامی 100 مەتری سلێمانی 32 کیلۆمەتر لە خۆی دەگرێت و لە پردی تاسڵوجەوە دەستپێدەکات تا بازگەی سلێمانی - عەربەت، شۆفێرانیش خۆشحاڵن بە بە دروستكردنی ئەم شەقامە.