بەنداوی دوکان دەستی بەگلدانەوەی ئاو کرد
ئاستی ئاو لە بەنداوی دوكان كەمبووەتەوە
K24 - دوكان
لەسەر پێشنیار و راسپاردەی هەردوو وەزارەتی کارەبا و کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ وەرزی گلدانەوەی ئاو لە بەنداوی دوکان دەستیپێکرد.
ئەندازیار محەمەد تاهیر، بەڕێوبەری بەنداوی دوکان بە کوردستان24ی راگەیاند: "به راوێژ لەگەڵ وەزارەتی کارەبا و کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، ئەمڕۆ دەستمان بە گلدانەوەی ئاو لە بەنداوی دوکان کرد".
لەمڕۆ بەدواوە تاکو دوایین رۆژی مانگی ئایار، ئاو لە بەنداوەکە گل دەدرێتەوە و بڕی ئاوی هاتوو بۆناو بەنداوەکە، زیاتر دەبێ لە بڕی ئاوی دەرچوو لەبەندوی دوكان.
ساڵی رابردوو لە 2ی مانگی نیسان، دوای 31 ساڵ بەنداوی دوکان بە تەواوی پڕ بوو، ئاو لە بەنداوەکەی سەر رێژ کرد، بەڵام بەهۆی کەمی رێژەی بارانبارین لەمساڵدا بەراورد بە پارساڵ، 9م ستونی ئاوی بەنداوەکە نزمترە بەراورد بە ساڵی رابردوو، بۆیە پێناچێت ئەمساڵ بەنداوەکە پڕبێت.
ھ.م