سەرۆك بارزانی پێشوازیی لە سیاسەتمەداری كورد عوسمان بایدەمیر دەكات

گفتوگۆیان لەبارەی رەوشی ناوچەكە كرد

K24 - ھەولێر

سەرۆك مەسعود بارزانی لە سەلاحەددین، پێشوازیی لە كەسایەتی و سیاسەتمەداری كورد، عوسمان بایدەمیر كرد.

لەو دیدارەدا رەوشی گشتیی ناوچەكە و دوایین گۆڕانكاری و پێشهاتە سیاسییەكان خرایە بەر باس، هاوكات بیروڕایش لەبارەی بارودۆخی گەلی كورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاڵوگۆڕ كرا.

هەر لەو دانیشتنەدا جەخت لە پەیامی ئاشتییانەی گەلی كوردستان و گرتنەبەری رێگەی دیالۆگ و لێكتێگەییشتن بۆ چارەسەری كێشەكان كرایەوە.

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەی نێوان سەرۆك بارزانی و عوسمان بایدەمیردا، نزیكبوونەوەی لایەنە كوردییەكان و گوتاری ئاشتیخوازانەی هاوبەشی نەتەوەیی بە پێویست زانرا.