سەرۆکی حکومەت 40 ملیۆن دۆلاری بۆ وێستگەی خەبات تەرخانکرد

بڕی 300 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت

K24 – هه‌ولێر:

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕی 40 ملیۆن دۆلاری بۆ کارپێکردن و ئەنجامدانی چاکسازیی لە وێستگەی خەبات تەرخانکرد و وێستگەکە دەست بە بەرهەم هێنانی کارەبای زیاتر دەکات.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی وەزارەتی کارەبا، بەسوپاسەوە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کارەبا رەزامەندی داوە بۆ تەرخانکردن و خەرجکردنی 40 ملیۆن دۆلار بۆ ماوەی یەک ساڵ بەمەبەستی کارپێکردن و چاکسازیی لە وێستگەی هەڵمی خەبات.

وێستگەی هەڵمی خەبات بەیەکێک لەوێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا دادەنرێت کە هەموو کارەکانی تەواو بووە و لەئێستادا وەکو تێست دەستی بەبەرهەمهێنانی کارەبا کردووە و بەم نزیکانە بەفەرمی وێستگەکە دەکرێتەوە.

 وەزارەتی کارەباش سەرقاڵی ئامادەکردنی تەندەرە بۆ ئەوەی بۆ ماوەی یەک ساڵ ئیشپێکردن و چاکسازیی وێستگەکە بدرێتە کەرتی تایبەت و بەپێی رێنماییەکان و جێبەجێکردنی گرێبەستەکە کۆمپانیایەکی شارەزا هەڵدەستێت بە ئیشپێکردن و ئەنجامدانی کاری چاکسازیی و بڕی 300 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت و وەزارەت ئەو بڕە کارەبایەی لێ دەکڕێتەوە.

H.J