شەپۆلێكی دیكەی بارانبارین ھەرێمی كوردستان دەگرێتەوە

كەشوھەوای ھەرێمی كوردستان

K24 - ھەولێر

كەشناسی رایدەگەیەنێت، شەپۆلێكی بارانبارین ھەرێمی كوردستان دەگرێتەوە و لە ھەندێك ناوچە لێزمە باران دەبێت.

لە راگەیەندراوێكدا بەڕێوەبەرایەتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند: "سەنتەرى کاریگەرى نزمە پاڵەپەستۆیەک دەکەوێتە سەر ناوەڕاستى عێراق، کاریگەریەکەى درێژدەبێتەوە بۆ سەر بەشێک لە ناوچەکانمان. ئەم شەو بارانبارین لە کاتەکانى درەنگانی شەودا لە بەشێک لە ناوچەکانمان دەست پێدەکات. ئاستى بارانبارینەکە لەسەر بەشەکانى باشوورى هەرێم زیاتر دەبێت، بەتایبەتى بەشێک لە (ئیدارەى گەرمیان وە بەشێک لە ناوچەکانى باشوورى پارێزگاى سلێمانى) لە کاتى زیاد بوون و بەهێز بوونى کاریگەرى ئەم شەپۆلە پێشبینى دەکرێت ئاستى باران بۆ بارانى بە لێزمە بگۆردرێت لە ناوچەکانى ئاماژە پێکراو، ئەگەرى دروست بوونى هەورە تریشقەش هەیە لە کاتى بارانى بە لێزمە".

كەشناسی، ئاماژەی بەوەشداوە: "لە درەنگانى شەوى سێشەممەدا کاریگەرى لەسەر ناوچەکانى باشوورى هەرێم کۆتاى دێت، بەڵام لەسەر ناوچەکانى ترى هەرێم لە کاتێکى زووتر کۆتاى دێت".