راگەیەندراوێک لە گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە

گوتەبێژی حكوومەت دڵنیایی دەدات

K24 - هەولێر:

د. جووتیار عادل، گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان راگەیەندراوێك لە بارەی "قەیرانی سووتەمەنی و بەنزین" بڵاو دەكاتەوە و تێیدا دڵنیایی دەدات و رایدەگەیەنێت، هیچ قەیرانێكی لەم جۆرە دروست نەبووە و نابێت.

دەقی راگەیەندراوەكە:

"لێرەو لەوێ دەنگۆی ئەوە بڵاو دەکرێتەوە، گوایە بە ھۆی بڕیاری رێکخستنەوەی ئالوگۆڕی بازرگانی و ھاتووچۆ لە دەروازە سنوورییەکان لە گەڵ ئێران لە پێناو خۆپارێزی لە پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا، قەیرانی بەنزین و سووتەمەنی لە هەرێمی كوردستان دروست بووە.

هاووڵاتیانی بەڕێزی هەرێمی كوردستان دڵنیا دەكەینەوە، هیچ قەیرانێكی لەم جۆرە دروست نەبووە و نابێت. رێکخستنی کاروباری دەروازە سنوورییەكان بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیان بووە لەم پەتایە، بۆ ئەم مەبەستەش حکوومەت بەرنامە و پلانێكی تۆكمەی بۆ رووبەرووبونەوەی ئەم پەتایە و دەرهاوێشتەکانیشی داڕشتووە.

هاوكات دووپاتی دەكەینەوە، كە سبەی سێشەممە، ئەم بابەتە دەبێتە خاڵێكی سەرەکیی ئەجێندای كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران.

د.جوتیار عادل

گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان

٢٠٢٠/٢/٢٤"