وەزیری رۆشنبیری بڕیارێکی لەبارەی گروپی هونەری ئەستێرەکانی کەلار دا
بەهۆی شانۆیەک گروپەکە رەخنەیان لێگیرا بوو
K24 – ههولێر:
حەمەی حەمەسەعید، وەزیری رۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەبارەی شانۆیەکی گروپی هونەری ئەستێرەکانی کەلار کە لەلایەن چەند مامۆستایەکی ئایینی رەخنەی لێگیرا، بڕیارێکی دا.
بەگوێرەی نووسراوێکی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان، وەزیری رۆشنبیری فەرمانێکی وزاری دەرکردووە و تیایدا هاتووە: "بڕیارماندا بە راگرتنی فەرمانی کارگێڕی بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری گەرمیان لەبارەی سڕکردنی کاروچالاکی گروپی هونەری ئەستێرەکانی کەلار".
وەزیری رۆشنبیری فەرمانیشداوە، بڕیارەکە رادەگیرێت تاوەکو لە رێگای لیژنەیەکی پسپۆڕ لەم بابەتە دەکۆڵدرێتەوە.
ئەو گروپە لە کەلار لە چالاکییەکیاندا، شانۆیەکیان پێشکەشکرد کە هەندێک مامۆستای ئایینی رەخنەی ئەوەیان لێگرت "بێڕێزیی بەرامبەر بە بەهاکانی ئایینی ئیسلامی تێدا کراوە".
