قایمقامی سلێمانی: ھەر بازرگانێک نرخ زیاد بکات سزای توند چاوەڕێی دەکات
"ئامادەکاریی تەواو کراوە"
K24 – سلێمانی:
قایمقامی سلێمانی رایدەگەیەنێت لە ھەموو روویەکەوە لە سلێمانی رێوشوێنی توند و پێویست گیراوەتەبەر بۆ رێگری کردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناو ئاشکراشی دەکات ھەر بازرگانێک نرخی کاڵاو پێداویستیەکان گران بکات رووبەڕووی سزای توندی یاسایی دەکرێتەوە.
راگەیاندنی قایمقامیەتی سلێمانی بڵاویکردووەتەوە، ئاوات محەمەد قایمقامی سلێمانی رایگەیاندووە، لە رووی تەندروستی و جموجوڵە بازرگانییەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران، لە سلێمانی بۆ پاراستنی تەندروستی ھاوڵاتیان و رێگری لە کۆرۆنا ھەرچی ئامادەکاری و رێوشوێنی پێویست ھەیە گیراوەتەبەر.
دەشڵێت، ھەرچەندە تا ئێستا ڤایرۆسەکە لە ھەرێم تۆمار نەکراوە بەڵام بەھۆی نزیک بوەنەوەی کۆرۆنا لە ھەرێمی کوردستان رێوشوێنەکان توندتر کراونەتەوەو لە رۆژانی داھاتووشدا ھەرچی پێویست بکات بۆ پاراستنی تەندروستی ھاوڵاتیان ھەنگاوی بۆ دەنرێت.
ئاوات محەمەد داواشی لە ھاوڵاتیانکرد زیاتر لە رۆژانی رابردوو گرنگی بە پاراستنی تەندروستیان بدەن و بەتەواوی پابەندی ئەو رێنماییانەبن کە لەلایەن دامەزراوە تەندروستیەکانی ھەرێمەوە بڵاو دەکرێنەوە.
لەبارەی چاودێری کردنی بازاڕ و پێداویستەکانی ھاوڵاتیان قائیمقامی سلێمانی ووتی، لەرێگەی لیژنە ھاوبەشەکان و تیمەکانی ئاسایش و چاودێری بازرگانی و فەرمانگەکانی تری سلێمانی بەبەردەوامی چاودێری ووردی بازاڕ و ھەموو ئەولایەنانە دەکەن کە پەیوەندیدارن بە ژیانی رۆژانە ھاوڵاتیان و ھەر بازرگان و فرۆشیارێک نرخ لەسەر خەڵک زیاد بکات رووبەڕووی سزای توندی یاسایی دەکرێتەوە.
H.J