مه‌سرور بارزانی لە رێکارەکانی خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکۆڵێتەوە

سەرۆکی حکومەت نەخۆشخانەکان بەسەر دەکاتەوە

K24 - هه‌ولێر:

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2020/2/27 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەنتەرێکی تایبەت بە ئامادەکارییەکانی رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشی کۆرۆنای لە شاری هەولێر بە سەرکردەوە و لە نزیکەوە ئاگاداری رێوشوێنەکانی خۆپاراستن و رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو.

دەربارەی ئامادەکارییەکانی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی حکومەت لە لێدوانێکدا بۆ دەزگاکانی راگەیاندن گوتی "مەبەست لە سەردانەکەمان بۆ دڵنیابوونی ئامادەکارییەکان بوو بۆ هەر حاڵەتێکی نەخوازراو کە لە هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان کراون و چەندین کۆبوونەوەشمان لە ئەنجومەنی وەزیران و لە سەر ئاستی پارێزگاکان کردووە بۆ گرتنەبەری رێوشوێنەکانی رووبەڕووبوونەوەی ئەم پەتایە.
هیوادارین له‌ كاتێكی نزیكدا چاره‌سه‌ریی بۆ ئه‌و نه‌خۆشییه‌ بدۆزرێته‌وه‌. داوا له‌ هه‌موو هاووڵاتیان ده‌كه‌م رێنماییه‌كانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و وەزارەتی ناوخۆ و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیدارەکان جێبه‌جێ بكه‌ن، بۆ ئەوەی بتوانن خۆیان و کەسوکاریان بپارێزن.
خۆشبەختانە بە پێی زانیارییەکان تا ئێستا هیچ حاڵەتێکی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە لە هەرێمی کوردستان تۆمار نەکراوە، بەڵام وەک دەزانن چەندین حاڵەت لە خوارووی عێراق و وڵاتانی ناوچەکە تۆمار کراون.
سه‌رۆكی حکومەت گوتیشی: "ئاماده‌كارییه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌وانەیە لە پێشه‌وه‌ی زۆر لە وڵاتانی ناوچه‌كه‌دا بێت، ئه‌وه‌ش جێگه‌ی ده‌ستخۆشییه‌، داواش لە هاووڵاتیان دەکەم هاوكاری ستافی پزیشكی بن و خۆشیان بپارێزن".
ئاماژەی بەوەشدا، داوا له‌ بازرگان و دوکانداران ده‌كه‌م به‌ هه‌ستێكی باڵای بەرپرسیاریێتی رەفتار بكه‌ن و خۆیان له‌ گرانكردنی نرخی كه‌لوپه‌ل و پێداویستی رۆژانه‌ی خه‌ڵک به‌ دوور بگرن. هیوادارام هەموومان بە یەکەوە بتوانین رووبەڕووی ئەم پەتایە ببینەوە، پشت بە خوا هیچ شتێکی ناخۆش روونادات و خەڵکی هەرێمی کوردستان سەلامەت دەبن".