ئاگاداریەک لە وەزارەتی تەندروستییەوە

"ئەوانەی لە ئێران گەڕاونەتەوە تا دوو ھەفتە سەردانیان نەكەن".

K24 - ھەولێر

وەزارەتی تەندروستی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، ئەو ھاووڵاتییانە ئاگادار دەكاتەوە كە ئێران گەڕاونەتەوە كە پابەندی رێنماییە تەندروسییەكان بن و داواش دەكات ئەو ھاووڵاتییانەی كەسوكاریان لە ئێران ھاتوونەتەوە تا ماوەی دوو ھەفتە سەردانیان نەكەن.

د. خاڵس ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتی دیوان لە وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "بە مەبەستی پاراستنی تەندروستی گشتی هاووڵاتییان و رێگرتن لە سەرهەڵدان و بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە هەرێمی کوردستان. ئاگاداری سەرجەم  ئەو هاووڵاتییانە دەکەینەوە کە لە ئێران گەڕاینەوە لە سێ هەفتەی پێشوو، تا ئەمڕۆ لەپێناو پاراستنی تەندروستی خۆیان و خێزان و کەسوکار و هاووڵاتییان:.

1- تاوەکو دوو هەفتە لەماڵ نەچنە دەرەوە

2- پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان بن لە:-

 زوو زوو دەست شوشتن بەئاو و سابوون، دەست نەدان لە دەم و لووت و چاو پێش شۆردنی دەستەکانتان. هەروها داپۆشینی دەم لووت لەکاتی کۆکە و پژمین و مانەوە لە ژوورێکی تایبەت لەماڵەوە.

راشیگەیاند: "ئەگەر هەر نیشانەیەکی نەخۆشیەکەت لێدەرکەوت وەک کۆکە و تا و سوتانەوەی گەروو، هەناسە تەنگی، پەیوەندی بکە بە هێڵەگەرمەکانی وەزارەتی تەندروستی و بەڕێوەبەرایەتییە گشیتیە تەندروستیەکان کە بڵاوکراونەتەوە".

دەشڵێت: "داوا لەهاووڵاتییان دەکەین ئەگەر هەر کەسێک یان دۆست و خزمێکیان لەو ماوەیە لەدەرەوە گەڕاوەتەوە بەتایبەتی لەوڵاتی ئێران. سەردانیان نەکەن و تێكەڵاویان نەبن تاوەکو دوو هەفتە".