چوار بەرپرسی دیكەی ئێران تووشی كۆرۆنا بوون

پشكنینی 30 پەرلەمانتاریان بۆ ھاتووەتەوە

K24 - ھەولێر

ڤایرۆسی كۆرۆنا بەرۆكی پەرلەمانی ئێرانیشی گرتووەو تاكوو ئێستا چوار پەرلەمانتار توشی كۆرۆنا بوونە.

سەر لە بەیانی ئەمڕۆ ھەینی محەمەد عەلی وەكیلی، ئەندامی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، كە 4 پەرلەمانتاری ئێران ھەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنان.

وەكیلی ئاشكرایكردووە، كە وەڵامی پشكنینی 30 پەرلەمانتاریان بۆ ھاتووەتەوە كە تاكوو ئێستا تاقیكردنەوەی چوار پەرلەمانتار نەرێنی بووەو بەمشێوەیە ھەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنان.

ئەوە لەكاتێكدایە بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی تەندروستی ئێران، لە 24 کاتژمێری رابردوودا هەشت کەسی دیکە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە و كۆی ژمارەی گیان لەدەستدانیش بە كۆرۆنا لە ئێران بۆ 34 کەس بەرزبووەوە. ھەروەھا ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتەکەی بۆ 388 کەس بەرزبووەتەوە.