رونکردنەوەیەک لەبەڕێوبەرایەتی گشتی پەیمانگاکان و مەشق کردنی وەزارەتی پەروەردە
رێگا نادەین بەهیچ کەسێک بێڕێزیی بە ناوەندەکانی خوێندن و مامۆستایان و قوتابیان و خوێندکاران بکات"
K24 - ھەولێر
بەڕێوبەرایەتی گشتی پەیمانگاکان و مەشقکردنی وەزارەتی پەروەردە رایدەگەیەنێت "هیچ حاڵەتێکی بێڕێزیکردن لە هیچ یەکێک لە پەیمانگاکانی هونەرە جوانەکانی ئێمە رووینەداوە، رێگا نادەین بەهیچ کەسێک بێڕێزیی و سوکایەتی بە ناوەندەکانی خوێندن و مامۆستایان و قوتابیان و خوێندکاران بکات".
لە روونكردنەوەیەكدا بەڕێوبەرایەتی گشتی پەیمانگاکان و مەشقکردنی وەزارەتی پەروەردە دەڵێت: "چەند رۆژێک لەمەوبەر کەسێک هێرشێکی ناڕەوای کردە سەر پەیمانگاکانی هونەرەجوانەکان، کە ناوەندێکی فەرمی خوێندنە و سەر بە بەڕێوبەرایەتی گشتی پەیمانگاکانی وەزارەتی پەروەردەیە، بەبێ ئەوەی هیچ جۆرە بێڕێزیەک بەرامبەر پێگەی مامۆستایانی ئاینی کرا بێت و بەبێ ئەوەی بەدواداچوون بکات، لەگەڵ بابەتێکی دیکە تێکەڵی کردووە. ئەم هێرشە ناڕەوایە و وشە ناشرین و بێڕێزیانە بووەتە مایەی نیگەرانی مامۆستایان و خوێندکاران و قوتابیانی پەیمانگای هونەرە جوانەکان و ئێمە و گشت هونەرمەندان".
ئاماژە بەوەدەكات: "هەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە کە هیچ حاڵەتێکی بێڕێزیکردن لە هیچ یەکێک لە پەیمانگاکانی هونەرە جوانەکانی ئێمە رووینەداوە، رێگا نادەین هیچ کات ناوەندەکانی خوێندن بۆ ئەو بابەتانە بەکاربهێنرێت و بەهەمان شێوەش رێگا نادەین بەهیچ کەسێک بێڕێزیی و سوکایەتی بە ناوەندەکانی خوێندن و مامۆستایان و قوتابیان و خوێندکاران بکات، بۆ ئەم مەبەستەش بەمافی خۆمانی دەزانین لە رێگای دادگاوە رێکاری یاسایی پێویست بگرینەبەر".
ئەمە دوای ئەوە دێت، پێشتر لە گرتە ڤیدیۆیەكدا مامۆستایەكی ئاینی ھێرشی كردە پەیمانگاكانی ھونەرە جوانەكان، ئەوەش كاردانەوەی لەلایەن ھونەرمەند و مامۆستا و قوتابیانی پەیمانگاكانی ھونەرەجوانەكانی لێكەوتەوە.