پارێزگای ههولێر چهند بڕیارێكی گرنگی دهركرد
سهردانیكردنی نهخۆش و هۆڵهكانی لهشجوانی و چهند شوێنێكی دیكه رادهگیرێن
K24 - ههولێر:
پارێزگای ههولێر، له كۆبوونهوهیهكی تایبهتدا، چهند بڕیارێكی دیكهی تایبهت به شوێنهكانی نێرگهلهكێشان و هۆڵی وهرزشی و شوێنه گشتییهكان دهركرد.
به گوێرهی راگهیاندنی پارێزگای ههولێر، ئهم بڕیارانهی دهركردووه:
دهقی بڕیارهكان:
1- جەختردنەوە لە نوسراومان ژمارە 274 لە ڕێکەوتی 2020.2.27 پێویستە هەر (10) خاڵی هاتوو لەم نووسراوە جێ بەجێ بکرێت.
2- سەبارەت بەو کافتریا و شوێنانەی نێرگەلەی تێدا دەکێشرێت، دەبێت دەست بە ئیجرائات بکرێت و نێرگەلەکان دەست بەسەر دابگرین و تەلەف بکرێن، ئەگەر هەر شوێنێکیش دووبارە سەرپێچی کرد ئەوە شوێنەکە بۆ ماوەی هەفتەیەک دابخرێت.
3- سەبارەت بە جگەرەکێشان لەشوێنە داخراوەکان، جگەرەی ئەلکترۆنی، یاسای ژمارە 31ی ساڵی 2007ی پەرلەمانی کوردستان جێ بەجێ دەکرێت و قەدەغەیە.
4- شوێنی هۆڵی وەرزش کردن و مەلەوانگە و مساج و گەرماوی گشتی و سینەما، تاوەکو 2020.3.10 بە شێوەیەکی کاتی دادەخرێن، ئەگەر پێویستی کرد بڕیارەکە درێژ دەکرێتەوە.
5- دەبێت سەرۆکی یەکە ئیدارییەکان قایمقام و بەڕێوەبەری ناحییەکان لێژنەیەک پێک بهێنن بەسەرۆکایەتی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەکان و ئەندامیەتی هەریەک لە (تەندروستی سنوورەکانیان و شارەوانییەکان و پۆلیس و لێژنەی چاودێری بازاڕ و ڤێترنەری، وە ئەگەر هەبێت هۆبەی گشت و گوزار، قایمقام لەسەر ئاستی قەزا سەرپەرشتی دەکات، سەرەڕایی سنووری قایمقامیەتەکەی) لەکاتی پابەندنەبوونی هەر شوێنێکی ئاماژە پێکراو دەست بەجێ ئیجرائاتی پێویست وەربگیرێت.
6- لێژنەی باڵای پارێزگای هەولێر ڕاسپێردران لە هەولێر و تەواوی قەزا و ناحییەکان ئەو شوێنانەی کە هاوڵاتیانی تێدا (قەرەنتین) کراوە و لەژێرچاودێری تەندروستیدان، سەردان بکەن و هەر شوێنێک گونجاو نەبوو بۆیان، یان کەم و کوڕی هەبوو، دەست بەجێ جێگاکانیان بگۆڕن و لە شوێنێکی شایستەتر و گونجاوتر دابنرێن.
7- لەسەرجەم بازگەکانی سنووری هەولێر لەگەڵ موسڵ و کەرکوک و مەخمور، تیمی تەندروستی و پێداویستی پشکنین دابینکراوە، دەبێت ئەم تیمانە بەردەوام بن لەو بازگانە و ڕێوشوێنی پێویست بگرنە بەر.
8- لەلایەن شارەوانییەکان و دەستەی گەشت و گوزار و تیمەکانی چاودێری تەندروستی لە پێناو خۆپارێزی لەم نەخۆشییە و پاراستنی سەلامەتی هاوڵاتیان، بەوردیی و بە چڕی چاودێری پاک و خاوێنی بازاڕ و ڕێستورانت و چێشتخانە و هوتێل و موتێل و شوێنە گشتیەکان دەکرێت، هەر کەسێک بیەوێت بازاڕ قورغ بکات و نرخی کاڵا و کەل و پەل و پێداویستییەکانی هاوڵاتیان گران بکات ڕێکاری یاسایی توندی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
9- بەهەموو شێوەیەک سەردانیکردنی نەخۆش لە نەخۆشخانە حکومییەکان و ئەهلیەکان قەدەغەیە و ڕێگە نادرێت هیچ کەس سەردانی نەخۆش لە نەخۆشخانەکان بکات، هەروەها نەخۆش نابێت لەیەک یاوەر زیاتری لەگەڵ بێت.
ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر
2020.2.29