ئه‌مه‌ریكا و تاڵیبان رێكه‌وتن

كۆتایی به‌ شه‌ڕی 18 ساڵه‌یان هێنا

K24- هه‌ولێر:

دوای نزیکەی ١٩ ساڵ لە شەر و کوشتن، دواجار ئەمه‌ریکا و تاڵیبان رێککەوتن. ئەمه‌ریکا زیاتر لە ٧٠٠ ملیار دۆلاری لە ئەفغانستان خەرجکردووە و دەیان ھەزار کەسیش بەھۆی شەر و توندوتیژییەکانەوە كوژراون و گیانیان لەدەستداوە، بەڵام ھێشتا نیوەی خاکی ئەفغانستان لەدەستی تاڵیباندایە. بەگوێرەی رێککەوتنەکە چیتر ئەفغانستان نابێتە پەناگەی تیرۆر و ئەمه‌ریکا ده‌بێت لەماوەی ١٤ مانگدا لەو وڵاتە بکشێتەوە.

لە ده‌وحەی پایتەختی قەتەر کە تاڵیبان نوێنەرایەتی لەو وڵاته‌ ھەیە، بە ئامادەبوونی مایك پەمپێیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمه‌ریکا و سەرکردەکانی تاڵیبان رێکەوتنی ئاشتی نێوان ئەمه‌ریکا - تاڵیبان واژۆ کرا.

پەمپێو خۆی رێکەوتنەکەی واژۆ نەکرد، لەجیاتی ئه‌و زاڵمای خەلیلزاد لەگەڵ سەرکردەی تاڵیبان، مەلا عەبدولغانی بارەدا رێکەوتنەکەیان واژۆ کرد. رێکەوتنێك ھیوای ئەوەی لەسەر ھەڵچنراوە، کۆتایی بە شەڕێکی خوێناوی ١٨ ساڵە لە ئەفغانستان بھێنێت.

دوای رێكه‌وتنه‌كه‌ش له‌ كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا مایك په‌مپێیۆ گوتی: " ئەمه‌ریکا و تاڵیبان دەیان ساڵی پر کێشە و بێ متمانەیان تێپەراند. ئەم ھەوڵەش بۆ ئەمه‌ریکا کاتێك سەردەکەوێت، کە تاڵیبان پەیوەندییەکانی لەگەڵ قاعیدە و گروپە تیرۆریستیەکانی دەرەوە بپچرێنێت. ئەوانیش گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی سەرکەوتنی سەربازی نایەتەدی. لە ٧ رۆژی رابردوو توندوتیژییەکان لە نزمترین ئاستدا بوون بە بەراورد بە 4 ساڵی رابردوو".

لە رێکەوتنەكه‌دا ھاتووە، ٥ ھەزار چەکداری تاڵیبان کە له‌ بەندیخانەکانی حکومەتی ئەفغانستاندان ئازاد دەکرێن. تاڵیبان دەڵێت: ئێمە شەڕمان ناوێت، ١٨ ساڵی رابردووش شەڕمان بەسەردا سەپێندرابوو، بۆ لەمەودوا کار بۆ ئەفغانستانێکی ئازاد و ئارام دەکەین، کە رێز لە مافی ھەموو تاکێکی ئەفغانی بگیرێت.

هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌دا عه‌بدولسه‌لام زه‌عیف، باڵیۆزی پێشووی تاڵیبان له‌ پاكستان دووپاتی ده‌كاته‌وه‌، "تاڵیبان ئەفغانیەکان دڵنیا دەکاتەوە، کە ئەفغانستانی داھاتوو ئەفغانستانێکی سەقامگیر دەبێت بۆ ھەموو لایەك. لە ناویشیاندا ژن، پیاو، کەمینە و زۆرینەکان. ھەموومان پێکەوە کار بۆ ئەفغانستانێکی ئارام، ئازاد، سەقامگیر و گەشەسەندوو دەکەین. ئەوەنده‌ی من تێگەیشتبم لە بەرژوەندی تاڵیباندا نیە درێژە بەشەڕ بدات، شەڕی ئەفغانستان بەسەرماندا سەپێندرابوو، بەڵام بەھەرحاڵ ئەمڕۆ رۆژێکی گرنگە". 

بەگوێرەی رێکەوتنەکە، دەبێت ئەمه‌ریکاش لە ماوەی ١٤ مانگدا لە ئەفغانستان بکشێتەوە. ئەمه‌ریکا ٧٥٠ ملیار دۆلاری لە ئەفغانستان خەرجکردووە و وەڕەس بووە لەو شەڕە بێکۆتاییە. دوای نزیکەی ١٩ ساڵ شەڕ و کوژرانی دەیان ھەزار کەس، ھێشتا 50%ی خاکی ئەفغانستان لەدەستی ئەمه‌ریکا، ناتۆ و حکومەتی ئەفغانستاندایە و له‌ 50%ی دیكه‌ تا ئێستا هه‌ر لەدەستی تاڵیباندایە.

لە بەرامبەر کشانەوەی ئەمه‌ریکا و ناتۆ لە ئەفغانستان، دەبێت تاڵیبان پەیوەندیەکانی لەگەڵ قاعیدە و ھێزە توندڕەوەکان بپچڕێنێت و ھاوکاری ئەمه‌ریکا و حکومەتی ئەفغانستان بکات و رێز لە مافی ژن و پیاو و ئایینە جیاوازەکان بگرێت، چیتر ئەفغانستان نەبێتە شوێنی کۆکردنەوەی گروپە تیرۆریستیەکان و سەرچاوەی ھەڕەشە بۆ خەڵکی ئەفغانستان و جیھان.

H.B

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/62b1e131-b5c4-4690-89ee-88771ebcd7e5/022920MDZ.ism/manifest\