مامەڵەكانی بە هەمیشەییكردنی مامۆستایانی گرێبەست گەیشتە قۆناغی كۆتایی

لە وەزارەتی دارایی تەواو دەبێت

K24 - ھەولێر

دوای ئەوەی حكومەتی ھەرێمی كوردستان بڕیاری بە ھەمیشەییكردنی مامۆستایانی گرێبەست دا ئەمڕۆ وەزیری دارایی و ئابووری واژۆ لەسەر بە هەمیشەكردنیان دەكات و مامەڵەكانیان لەو وەزارەتی دارایی تەواو دەبێت.

ئەحمەد عەبدورەحمان، وتەبێژی وەزارەتی دارایی لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرای كرد: "دوای بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (34) لە 6/11/ 2019، وە نووسراوی سكرتاریەتی ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (9700) لە بەرواری 13/11/2019، تایبەت بەهەمیشەییكردنی دامەزراندنی مامۆستایانی گڕێبەست لەسەر میلاكی وەزارەتی پەروەردە. ڕۆژی چوارشەممە 26/2/2020، لیستی مامۆستایانی گڕێبەست لەگەڵ بەڵگەنامە و زانیاریەكان گەیشتنە وەزارەتی دارایی و ئابووری. دوای دوو رۆژ لە كاركردنی بەردەوام سەرئەنجام كاری وردبینی هەردوو پەروەردەی دهۆك و گەرمیان تەواو بووە، ئەمرۆ وەزیری دارایی و ئابووری واژۆ لەسەر بە هەمیشەكردنیان دەكات. بۆ بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەكانی تریش پرۆسەی وردبینی كردن بەردەوامە تاوەكو بتوانین لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، كاری بە هەمیشەیی كردنی مامۆستایانی گڕێبەستی سەرجەم پەروەردەكانی تریش تەواو بێت".