ژمارەی گیان لەدەستدان بە كۆرۆنا لە ئێران بەرز دەبێتەوە

ئێران ئاماری نوێی راگەیاند

K24 - ھەولێر

ژمارەی ئەو كەسانەی بەھۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ئێران گیانیان لەدەستداوە بۆ 77 كەس بەرزبووەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە عەلیرەزا رەئیسی، یاریدەدەری وەزیری تەندروستی ئێران لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، كە پشكنین بۆ زیاتر لە 8 ھەزار كەس كراوە، تاكوو ئێستا  2 ھەزارو 336 كەس تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوونە، لەو ژمارەیەش تائێستا 77 كەس گیانیان لەدەستداوە.

راشیگەیاند، 300 ھەزار گرووپی پزیشكیان راسپاردووە كە لەبەردەم ماڵەكان پشكنین بۆ ھاووڵاتیان بكەن.

بەگوتەی رەئیسی، ئێران لەدوای چین زۆرترین چاكبوونەوەی توشبووانی كۆرۆنای ھەیە.

یاریدەدەری وەزیری تەندروستی ئێران ئاشكراشیكرد، كە 80%ی تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، پێویستیان بە مانەوە لە نەخۆشخانەكان نییە و رەوانەی ماڵ دەكرێنەوە.