سه‌ربازێكی دیكه‌ی توركیا له ئیدلب كوژرا
په‌رله‌مانی توركیا ره‌وشه‌كه تاوتوێ ده‌كات
K24 – هه‌ولێر:
وه‌زیری به‌رگری توركیا، خلووسی ئاكار، هه‌واڵی كوژرانی سه‌ربازێكی دیكه‌ی سوپای وڵاته‌كه‌ی له ئیدلبی باكووری خۆرئاوای سووریا راگه‌یاند.
ئه‌مڕۆ خلووسی ئاكار به رۆژنامه‌نووسانی راگه‌یاند، سه‌ربازێكی دیكه‌ی توركیا له ئیدلب كوژراوه و دواتر زانیاری ورد له باره‌ی رووداوی كوژرانی بڵاوده‌كه‌نه‌وه.
ئه‌م قسانه‌ی خلووسی ئاكار له كاتێكدایه، په‌رله‌مانی توركیا به نیازه كۆبوونه‌وه‌یه‌كی نهێنی له باره‌ی ره‌وشی ئیدلب ئه‌نجام بدات.
له دانیشتنه‌كه‌دا، وه‌زیری به‌رگری، خلووسی ئاكار وته‌یه‌ك سه‌باره‌ت به گۆڕان و پێشهاته مه‌یدانییه‌كانی ئیدلب پێشكه‌ش ده‌كات و باسی ئۆپراسیۆنی نوێی سوپای توركیا له باكووری خۆرئاوای سووریا ده‌كات.
پێشبینیش ده‌كرێت، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا، مه‌ولود چاوشئۆغلۆ له باره‌ی جوڵه‌ی دیپلۆماسی توركیا سه‌باره‌ت به قه‌یرانی سووریا و ره‌وشی ئیدلب وتارێك پێشكه‌ش بكات.
به گوێره‌ی رێكاره پرۆتۆكۆلییهكان، ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كه بۆ ماوه‌ی (10) ساڵ به نهێنی ده‌مێنێته‌وه و ئاماده‌بووانی دانیشتنه‌كه ده‌بێت سوێند بخۆن دزه به هیچ زانیارییه‌ك نه‌كه‌ن.