ترەمپ نەوتی ھەرزان وەك ھەلێك دەقۆزێتەوە
ھەوڵی كڕینی نەوتی زیاتر دەدات
K24 - ھەولێر
ترەمپ نەوتی ھەرزان، وەك ھەلێك بۆ خۆی دەقۆزێتەوە و دەڵێت كە یەدەگی ستراتیژی پڕ لە نەوت دەكات.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە لێدوانێكیدا رایگەیاند، ئەمەریكا ھەموو ھەوڵێكی خۆیداوە بۆ ئەوەی نەوتی ھەرزان وەك ھەلێك بقۆزێتەوە و بڕێكی زۆری نەوت خاو دەكڕێت بۆ ئەوەی یەدەگی ستراتیژی لە نەوت پڕبكات.
ترەمپ ئاماژەیداوه، لەسەر بنەمای ئەو نرخەی ئێستا نەوت لە بازاڕەكان، وەزیری وزەی ئەمەریكا راسپێردراوە بڕێكی زۆری نەوت بكڕێت، چونكە نرخەكەی ئێستا گونجاوە و پێویستە سوودی لێوەرگیرێت.
ئەوەش لە كاتێكدایە، ئێستا یەدەگی ستراتیژی نەوت لە ئەمەریكا 635 ملیۆن بەرمیلی تێدایە و ئاماژەی بەو قەبارەیە نەكراوە، كە پێویستە بۆ پڕكردنەوەی یەدەگەكە بكڕدرێت.