بۆ كەمكردنەوەی زیانەكان چین قەرزی زیاتر بەردەستدەخات

پاڵپشتییە داراییەكان بۆ پڕۆژەی بچووك و مامناوەند زیادەكات

K24 - ھەولێر

چین قەرزی زیاتر بەردەسەت دەخات، بۆ ئەوەی كاریگەرییە نەرێنیەكانی بەھۆی كۆرۆناوە دووچاری ئابوورییەكەی بووە كەمبكاتەوە.

بەگوێرەی راپۆڕتێكی ئاژانسی شینگوای چینی، كەرتی بانكەكانی چین پاڵپشتییە داراییەكانی بۆ پڕۆژەی بچووك زیادكردووە، بە ئامانجی ئەوەی لەم رێگەیەوە كاریگەرییە نەرێنییەكانی كۆرۆنا لەسەر ئابووری وڵاتەكە كەمبێتەوە، بەجۆرێك بانكە ناوخۆیی و تایبەتەكان لە چین پاڵپشتییەكی دارایی بە بەھای نزیكەی 42 ملیار و 800 ملیۆن دۆلاری تەرخانكردووە.

سەرجەم بانكە ناوخۆییەكان، كە ژمارەیان 134ـە و بانكە تایبەتەكانیش كە 18 بانكە، ئەو رێكارانه‌یان ئاشكرا كرد، كە تایبەتن بە خزمەتگوزارییە داراییەكان بۆ ئەوەی پاڵپشتی پڕۆژەكان بكەن، بەتایبەت كۆمپانیا بچووك و مامناوەندەكان، كە زیاترین زیانیان تۆماركردووە.