تەندروستی عێراق ئاوڕ لە كەركووك ناداتەوە

یەكەم شار بوو حاڵەتی كۆرۆنای تێدا تۆمار كرا

K24 – كەركووك

كەركووك یەكەم شار بوو لە عێراق، كە حاڵەتی تووشبوون بە كۆرۆنای تێدا تۆمار كرا، پەرلەمانتارێكی عێراق رایدەگەیەنێت، تائێستا حكومەتی عێراق لە ھاوكارییە تەندروستییەكان بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا ئاوڕی جدی لە شارەكە نەداوەتەوە.

هەرچەندە تاکو ئێستا تەنها 7 حاڵەتی تووشبوو بە كۆرۆنا لە کەرکووک تۆمارکراون و رێژەکە زیادینەکردوە، بەڵام بەردەوام مەترسی لەسەر شارەکە هەیە، بۆیە پەرلەمانتارانی کەرکوک داوا لە بەغدا دەکەن کە بەهانای شارەکەوە بێت و وەك شارەكانی دیكە پێداویستییە تەندروستییەكانی پێشكەش بكات، چونکە دۆخەکە مەترسیدارە.

رێبوار تەھا، پەرلەمانتاری كورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتی: "ھاوكاری و پێداویستییەكانی حكومەتی عێراق بۆ كەركووك وەك پێویست نییە، چونكە كەركووك یەكەم شار بوو حاڵەتی كۆرۆنای تێدا تۆمار كرا، دەبوایە حكومەتی عێراق ھاوكاری باشی پێشكەش بە كەركووك كردبایە".

تاکو ئێستا ئیدارەی شارەکە تەنها بڕی 150 میلۆن دیناری بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرونا تەرخانکردووە، ئەم پارەیش کەمەو پێداویستیەکانی پێی دابین ناکرێت