دوایین ئاماری تووشبوون و مردن بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە جیهان

تەنیا لە ماوەی 3 رۆژدا 50 هەزار حاڵەتی تووشبوون تۆماركراون

K24- هەولێر:

بەگوێرەی دوایین ئاماری تووشبووان و گیانلەدەستداوانی جیهان بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا، تا ئێستا لە سەرانسەری ئەو وڵاتانەی ڤایرۆسی كۆرۆنایان لێ بڵاوبووەتەوە، ژمارەی تووشبووان سنووری 200 هەزاری تێپەڕاند و زیاتر لە 8 هەزار كەسیش بەهۆی ئەو پەتایە گیانیان لەدەستداوە.

دوایین زانیارییەكان كە لەلایەن زانكۆی "جۆنز هۆپكەنز"ـی ئەمەركی بڵاوكراونەتەوە كە بەدواداچوون بۆ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە جیهان دەكات، ئاماژە بە تووشبوونی 201 هەزار و 634 حاڵەت لە سەرانسەری جیهان دەكات، لەو ژمارەیەش 82 هەزار و 30 كەس بەتەواوی لە پەتاكە چاكبوونەتەوە، لەكاتێكدا ژمارەی ئەو كەسانەی بەهۆی ڤایرۆسەكە گیانیان لەدەستداوە، گەیشتووەتە 8 هەزار و 7 حاڵەت.

هەر بەگوێرەی ئامارەكە، وڵاتی چین بە تۆماركردنی 81 هەزار و 102 حاڵەتی تووشبوون و مردنی 3 هەزار و 241 كەس لەپێشەوەی وڵاتانی زیانپێگەیشتووانی ڤایرۆسی كۆرۆنایە، دوای ئەویش ئیتاڵیا بە پلەی دووەم دێت و تا ئێستا "31 هەزار و 506 حاڵەتی تووشبوون و 2 هەزار و 503 مردن" لەو وڵاتە تۆماركراون، دوای ئەویش هەریەك لە ئێران بە "مردنی 988 كەس و تووشبوونی 16 هەزار و 169 كەس"، ئیسپانیا بە "مردنی 558 كەس و تووشبوونی 13 هەزار و 716 كەس" و ئەڵمانیا بە "مردنی 26 كەس و 9 هەزار و 877 حاڵەتی تووشبوون" بەهۆی ڤایرۆسەكە، لە پلەی سێیەم و چوارەم و پێنجەم دێن.

لە ریزبەندی وڵاتانی زیانپێگەیشتووی ڤایرۆسی كۆرۆنا، پلەی شەشەم تا دەیەم بەم شێوەیەی خوارەوەیە:

كۆریای باشوور: 84 مردوو و 8 هەزار و 413 تووشبوو.

فەرەنسا: 148 مردوو و 7 هەزار و 696 تووشبوو.

ئەمەریكا: 114 مردوو و 6 هەزار و 496 تووشبوو.

سویسرا: 27 مردوو و 2 هەزار و 700 تووشبوو.

بەریتانیا: 72 مردوو و هەزار و 961 تووشبوو.

لە لیستی وڵاتانی عەرەبیش تا ئێستا قەتەر لە پێشەوەی ریزبەندییە و تا ئێستا 442 حاڵەتی پشتڕایتكراوەی تووشبوون تۆماركراوە بەبێ تۆماركردنی هیچ گیانلەدەستدانێك. دواتر بەحرەین بە مردنی كەسێك و تووشبوونی 242 كەس لە پلەی دووەمدایە، میسر لە كۆی 196 تووشبوو 6 كەس گیانیان لەدەستداوە، سعوودیە 171 كەس تووشبوو بەبێ تۆماركردنی هیچ حاڵەتێكی گیانلەدەستدان، عێراق لە كۆی تووشبوونی 154 حاڵەت تا ئێستا 11 كەس گیانیان لەدەستداوە، كوەیت 142 تووشبوو بە بێ ئەوەی هیچ كەسێك گیانی لەدەستدابێت، لوبنان 3 مردن و 133 تووشبوو، ئیمارات 113 تووشبوو بەبێ مردن.

هاوكات لە رووسیاش تا ئێستا ژمارەی تووشبووان بۆ 147 حاڵەت بەبێ تۆماركردنی گیانلەدەستدان بەرز بووەتەوە.

ئامارەكان ئاماژە بەوە دەدەن، بەر لە 3 رۆژ ژمارەی تووشبووان گەیشتبووە سنووری 150 هەزار حاڵەت، لەكاتێكدا تەنیا لە ماوەی ئەم 3 رۆژەدا 50 هەزار حاڵەتی نوێی تووشبوون تۆماركراون، ئەمەش دوای ئەوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە وڵاتانی ئەوروپا بەشێوەیەكی بەرچاو تەشەنەی سەند و كۆنترۆڵكردنی بووەتە كارێكی سەخت.

H.B