ئەمەریکییەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا روو له کڕینی چەک دەکەن

تادێت ریزەکان زیاتر دەبن

K24- هەولێر:
نیگەرانییەکان له بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا له ئەمەریکا رۆژبەڕۆژ زۆرتر دەبێت و ئێستا جگەله سەرەی خۆراک و پێداویستییەکانی خۆپارێزیی، سەره بۆ کڕینی چەکیش تا دێت درێژتر دەبێت.
لەم رۆژانەدا جگه له فرۆشگاکان، بازاڕی فرۆشیارانی چەکیش له ئەمەریکا خۆشبووه. خەڵک نیگەرانی ئەوەیه بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا قەیرانی خۆراکی بەدوادابێت و تاڵانکردن دەست پێبکات، ئەمەش وایکردووه خەڵک روو له کڕینی چەک بکەن.
بەردەم فرۆشگاکانی چەک له ئەمەریکا سەرەی دوور و درێژ گیراوه و ناو فرۆشگاکانی جمەی دێت و رەفەی چەکیش که جاران پڕ له چەک و کەرەستەی سەربازی بوو، ئێستا بەتاڵبووه.
فرۆشیارانی چەک دەڵێن، لەم چەند رۆژەدا، فرۆشتنیان ده هێندەی جارانه و خەڵک نیگەرانی سەرهەڵدانی تاڵانین و له دەمانچەوه بگره تا چەکی راو، هەمووی دەفرۆشێت.
پسپۆڕان پێیانوایه، ئەم دیاردە ناخۆشه، نموونەیەکه لەو کارەساتانەی که دیارده ناخۆشەکان بەسەر کۆمەڵگەی دێنن. هەرچەنده ئەمه کاردانەوەیەکی لۆژیکی نییه، بەڵام لەم رۆژه سەختانەدا ناکرێت چاوەڕیی رەفتاری لۆژیکی له خەڵک بکرێت.
DW