دیمەنی نەخۆشخانەکانی ئیتاڵیا بووەتە سەردێری ھەواڵەکانی جیھان

تەرمی مردووان رادەستی كەسوكارەكانیان ناكرێنەوە و بە ئۆتۆمبێلی سەربازی دەگوازرێنەوە گۆڕستان

K24- هەولێر:

دیمەنی نەخۆشخانەکانی ئیتاڵیا بووەتە سەردێری ھەواڵەکانی جیھان. زۆری ژمارەی تووشبووان بە کۆرۆنا و نەبوونی قەرەوێلە، ستاف و پێداویستی پزیشکی دۆخەکەی ھێندەی دیکە سەختتر کردووە. ھەرچەندە ژمارەی دانیشتوانی چین ٢٠ ھێندەی ئیتاڵیایە، بەڵام ئێستا ئیتاڵیا لە زۆری ژمارەی ئەوانەی دەمرن پێش چین کەوتووە.

ئێستا بێرگامۆ بووەتە سەنتەری بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا، تەنھا یەك قەرەوێڵەش بە بەبەتاڵی نەماوەتەوە.. لە یەکەی چاودێری چر نەخۆشەکان دۆخیان زۆر خراپە.. پزیشك و ستافی نەخۆشخانەکە ٢٤ کاتژمێر لە کاردان، شەكەتی ماندووبوونێكی زۆریان پێوەدیارە.

لەمبارەشەوە رۆبێرتۆ کۆسێنتینی، پزیشكێكی ئەو نەخۆشخانەیە دەڵێت: "زۆرێك وا تێگەیشتوون تووشبوون بە کۆرۆنا وەك ئەنفلۆنزایەکی ئاسایی یان وەك نەخۆشی ھەوکردنی سییەکانە، بەڵام ھەڵە تێگەیشتوون، ئەم نەخۆشییە زۆر جدییە و ھەوکردنی زۆر تووندی سییەکانە و زۆریش مەترسیدارە".

جەختیش دەكاتەوە، "رۆژانە ٥٠ بۆ ٦٠ نەخۆش روو لە یەکەی چاودێری چڕی نەخۆشخانەکەمان دەکەن، بەو ھۆیەوە بەشی چاودێری چڕمان کردووە بە 3 بەشەوە."

لە لایەكی دیكەوە خەڵك و پزیشکەکان گللەییان لەرێکارەکانی حکومەت ھەیە، کە زۆر درەنگ ھەستی بە مەترسیەکە کردووە. کەمتەرخەمی حکومەتیش دۆخەکەی گەیاندووەتە ئاستێکی مەترسیدار.

لەم چوارچێوەیەشدا لۆرێنزۆ گرازیۆلی پزیشێكی دیكەی ئەو نەخۆشخانەیە دەڵێت: "ھەرگیز لە ژیانمدا ھێندەی ئێستا لەژێر فشاردا نەبووم. ئێمە ١٠٠ پزیشکین لێرە، بەڵام فریا ناکەوین. خەڵکی لەبەرچاومان دەمرن و ناتوانین ھیچیان بۆ بکەین. دەمێك بوو داوامان دەکرد، ئامادەکاری بکرێت و نەگەینە ئەم دۆخە خراپە."

رێگە بە خەڵکی نادرێت سەردانی ئازیزانیان بکەن و تەرمەکانیشیان وەرگرنەوە. ئەوانەی گیان لەدەستدەدەن لەرێگەی ئۆتۆمبێلی سەربازییەوە دەگوازرێنەوە بۆ گۆرستانەکان.

H.B