بۆ كەرەنتینە كردنی دەربەندیخان داوای ھێزی زیاتر دەكرێت
قایمقامی دەربەندیخان داوای ھاوكاری دەكات
K24 - دەربەندیخان
لە شارۆچكەی دەربەندیخان تووشبوویەکی کۆرۆنا، دەبێتە ھۆی ئەوەی حەوت كەسی دیكەش تووشی ڤایرۆسەكە ببن. قایمقامى دەربەندیخانیش داوای ھاوكاری زیاتر دەكات، بۆ ئەوەی بتوانن شارۆچكەكە كەرەنتینە بكەن و رێگری لە زیاتر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بكەن.
ناسیح مەلا حەسەن، قایمقامى دەربەندیخان بە كوردستان24ی گوت: "ڤایرۆسەكە لە دەربەندیخان لە رێگەی كەسێك بڵاوبووەتەوە كە بەركەوتنی لەگەڵ كەسانی دیكە ھەبووە، پشكنین بۆ ھەموو ئەو كەسانە دەكرێت كە بەریەكەوتنیان لەگەڵ ئەو كەسە ھەبووە، خەڵكی دیكەش پێویستە لە ماڵەوە كەرەنتینە بكرێن".
گوتیشی: "بە راوێژ لەگەڵ وەزیری تەندروستی پێمان باشە دەربەندیخان كەرەنتینە بكرێت، بۆ ئەوەی ھەركەسە و لە ماڵی خۆی بمێنێتەوە. ئەمڕۆ بە ھێزەكانی خۆمان ھەوڵی ئەوەمان داوە ھەموو جۆرە ھاتووچۆیەك لە دەربەندیخان بوەستێنین، بەڵام ژمارەی ھێزەكانمان لەو ئاستە نییە تا بتوانن كۆنترۆڵی بكەن، بۆیە پێویستمان بە ھێزی زیاترە".