كاروانێكی ھاوكاری چین گەیشتە ھەولێر

پێكھاتووە لە ئامێر و پێداویستی تەندرستی

K24 - ھەولێر

كەمێك پێش ئێستا كاروانێكی ھاوكاری چین لە رێگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر گەیشتە ھەرێمی كوردستان. وەزیری تەندروستیش ئاشكرای دەكات بڕیارە لە چەند رۆژی داھاتوودا ژمارەیەك شارەزای چین سەردانی ھەرێمی كوردستان بكەن.

ھێمن حوسێن، پەیامنێری كوردستان24 لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر رایگەیاند، ھاوكارییەكانی چین لە رێگەی فڕۆكەیەكەوە گەیشتە ھەولێر و لەلایەن كونسوڵخانەی چین لە ھەولێر رادەستی وەزارەتی تەندروستی دەكرێت.

بەگوێرەی زانیارییەكانی پەیامنێرمان، ھاوكاریەكەی حكومەتی چین بۆ ھەرێمی كوردستان بریتییە لە چەندین ئامێر و پێداویستی تەندروستی. دوا وەرگیرانی لەلایەنی وەزارەتی تەندروستی بەپێی پێویست بەسەر بەڕێوەبەرایەتی و بنكە تەندروستییەكانی ھەرێمی كوردستان دابەش دەكرێت.

د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی ھەرێمی كوردستان لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانی ھاوبەشدا لەگەڵ كونسوڵی چین لە ھەولێر ئاشكرای كرد: "ھاوكارییەكە زیاتر لە ھەزار تێستی پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنایە و پێشتر لە قۆناغی یەكەمدا حكومەتی چین ژمارەیەك ماسكی وەك ھاوكاری پێشكەشی ھەرێمی كوردستان كردووە، ھیوادارین ھاوكاری زیاترمان پێبگات".

وەزیری تەندروستی راشیگەیاند: "بڕیارە 27ی ئەم مانگە ژمارەیەك لە شارەزایانی وڵاتی چین سەردانی ھەرێمی كوردستان بكەن، بۆ ھەڵسەنگاندنی نەخۆشی كۆرۆنا لە ھەرێمی كوردستان و چۆنیەتی مامەڵەكردنی وەزارەتی تەندروستی لەگەڵ ڤایرۆسەكە، بێگومان ئێمە ھاوكار دەبین و پێشوازیان لێدەكەین، چونكە چین ئەزموونێكی باشی ھەیە و توانیان لە ماوەیەكی كەمدا زاڵبن بەسەر ڤایرۆسی كۆرۆنا".

نی روچی، كونسوڵی گشتی كۆماری چینی میللی لە ھەولێر رایگەیاند، حكومەتی چین بەردەوام دەبێت لە ھاوكاریكردنی ھەرێمی كوردستان و چەند كۆمپانیایەكی چین بەڵێنیانداوە كە ئامێری تایبەت بە ڤایرۆسی كۆرۆنا رەوانەی ھەرێمی كوردستان بكەن".

گوتیشی: "ھەرێمی كوردستان لەم دۆخە بە تەنیا نابێت و گەل و حكومەتی چین لە پشت ھەرێمی كوردستان دەبێت، لەژێر چاودێری مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان ئەو شەڕە دەبەینەوە".