پارێزگاری ھەولێر: ھاووڵاتییان پابەند نەبن كارەسات روومان تێدەكات

"كاتێك ھاووڵاتییان پابەند نەبن رێكارەكان توندتر دەكرێن"

K24 - ھەولێر

پارێزگاری ھەولێر جەختدەكاتەوە پێویستە ھەموو ھاووڵاتییان پابەندی رێنماییەكان بن، ئەگەر پابەندیش نەبن ئەوا كارەساتێك روومان تێدەكات.

فرسەت سۆفی، پارێزگاری ھەولێر بە كوردستان24ی راگەیاند: "ئەمڕۆ زۆربەی شەقام و كۆڵانەكانی ھەولێرمان بەسەر كردووەتەوە، بەراورد بە رۆژانی رابردوو تا رادەیەكی ھاووڵاتییان زیاتر لە رۆژەكانی دیكە پابەندن و كەمتر لە دەرەوە دەبینرێن، جارێكی دیكە داوا لە ھاووڵاتییانی ھەولێر دەكەین پابەندی رێنماییەكان بن، ئەگەر پابەند نەبن، ئەوا كارەساتێك روومان تێدەكات، ھاوشێوەی ئەو وڵاتانەی كە لە دۆخێكی زۆر خراپدان".

گوتیشی: "ئەگەر خەڵك پابەند نەبێت ناچارین رێكارەكان توندتر بكەین و ماركێت و نانەواخانەكان دابخەین".

پارێزگاری ھەولێر، جەختیكردەوە: "ھەموو ھەوڵێك دەدەین بۆ پاراستنی ھاووڵاتییان، بەڵام دەبێ ھاووڵاتییانیش ھاوكارمان بن، چونكە بە تەنیا بە ئێمە ناكرێت".

راشیگەیاند: "بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی لە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی ھەولێر پێماندراوە، باری تەندروستی ھەموو تووشبووەكان زۆر باشە و رەنگە لە چەند رۆژی داھاتوو ھەندێكیان رەوانەی ماڵەوە بكرێنەوە".