له‌ كه‌ركووك زیاتر له‌ 1500 شۆفێر سزادراون

دەست بەسەر زیاتر لە 200 ئۆتۆمبیلدا گیراوە

K24- كەركووك:

تا ئێستا١٥٠٠ ئۆتۆمبێلی هاوڵاتیان لە کەرکووك سزادراون و زیاتر لە ٢٠٠ ئۆتۆمبێلیش دەستیان بەسەردەا گیراوە، هێزە ئەمنیەکانیش لە زۆربەی شوێنە گشتیەکانی شارەکە بازگەیان داناوە، بەپێی نوێترین بڕیاری شانەی بەرەنگاربونەوەی قەیرانەکان،  هەموو ئەو کەسانە دەستگیر دەکرێن، کە بەبێ هۆکار هاتونەتە سەر شەقام.

پۆلیسی هاتوچۆش كە بەردەوام بە شەقامەکانی ئەو شارەدا دەسورێنەوە، داوا لە هاووڵاتیان دەکەن بە هیچ شێوەیەك لە ماڵەكانیان دەرنەچن، تیمەکانی بەرگری شارستانیش لە شەقامەکان دژە ڤایرۆس دەڕشێنن.

هاوكات فەرمان بۆ سەرجەم هێزە ئەمنیەکان هاتووە، کە رێگە بە هاتوچۆی هاوڵاتیان نەدەن. پۆلیسی فریاکەوتن بازگەکانیان زیاتر کردوە و ئەركەكەشیان چڕتر كردووەتەوە.

لەرێگای بڵنگۆشەوە داوا لەهاووڵاتیان دەکەن کۆنەبنەوە، چونکە لە هەندێك شوێن پابەندی رێنماییەكان نابن و، تەنانەت بازاڕەکانیش کراونەتەوە، بۆیە فەرمان بە هێزەكانی پۆلیس كراوە، هەر كەسێك لەسەر شەقام ببینرێت دەستگیر بكرێت، بۆیە هێزە ئەمنییەكان تەواوی شەقامەكانیان داخستووە.

H.B