دوایین زانیاری لەبارەی رەوشی دانیشتووانی كۆمەڵگەی سێبیران
تیمەكانی تەندروستی بەردەوامن لە پشكنین بۆ ھاووڵاتییان
K24 - ھەولێر
ئەمڕۆ چوارەم رۆژە بەھۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، كۆمەڵگەی سێبران لە سنووری پارێزگای ھەولێر كەرەنتینە كراوە، جگە لە ھێزە ئەمنییەكان كە دەوری كۆمەڵگەكەیان گرتووە، تیمەكانی تەندروستی بەردەوامن لە پشكنین و رشاندنی دەرمان.
رێناس عەلی، پەیامنێری كوردستان لە دەروازەی كۆمەڵگەی سێبیران رایگەیاند، رێگە بە ھیچ كەس نادرێت لە سێبیران بێتە دەرەوە، تەنھا ئەو كەسانە ھاتووچۆ دەكەن، كە تیمەكانی تەندروستین و نەخۆشخانە گەڕۆكەكان كۆڵان بە كۆڵانی سێبیران دەگەڕێن و كارەكانی خۆیان دەكەن، ھاوكات ھەر ئۆتۆمبێلێكی تیمەكانی تەندروستی و ھێزە ئەمنییەكانیش كە دێنە سێبیران بە دەرمان دەڕشێندرێن.
گوتیشی، بەردەوام پشكنین بۆ ھاووڵاتییانی دانیشتووی سێبیران دەكرێت، ھەر كەسێك نیشانەی ڤایرۆسی كۆرۆنای لێ دەركەوێت ئەوا رەوانەی بنكەی چارەسەری دەكەن لە ھەولێر.
بەھۆی كەسێك كە پێشتر سەردانی ئێرانی كردبوو، ڤایرۆسی كۆرۆنا لە كۆمەڵگەی سێبیران بڵاوبووەوە، بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی تەندروستی تائێستا 15 كەس لەو كۆمەڵگایە ھەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنان.