بۆچی لە ئیسپانیا رێژەی گیان لەدەستدان بە کۆرۆنا زۆرە؟

لە رۆژێکدا سەدان کەس دەمردن

K24- هەولێر:

هەموو شەوێک لە ئیسپانیا، لە 14ـی ئادارەوە، خەڵک لە ماڵەکانیان چەپڵە بۆ تیمە تەندروستییەکان لێدەدەن، بەڵام رێژەی مردن هەر لە زیادبوونە.

دوێنێ هەینی، 769 کەس بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستدا و بەمەش ژمارەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستدا بۆ پێنج هەزار بەرزبووەوە.

هۆکارەکان

سیلڤیا کارلۆس، پرۆفیسۆر لە زانکۆی پزیشکی ناڤارا دەڵێت، رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا دەکەوێتە سەر ئامادەیی هەر وڵاتێک بۆ پەتای لەناکاو. ئیسپانیش ئەو وڵاتە نییە کە زۆر ئامادە بێت و پێویستی زۆری بە ئامێر و پێداویستی پزیشکییە.

هەروەها، 16% ئەوانەی تووشی کۆرۆنا بوون لە ئیسپانیا، کارمەندانی تەندروستین، ئیسپانیا نەیتوانیووە گیانی کارمەندانی پزیشکی بپارێزێت ئەمەش بەهۆی کەمی ماسک و ماددە پاککەرەوەکان و جلوبەرگی تایبەت.

یەکێکی دیکە لە هۆکارەکان ئەوەیە، خەڵکی ئیسپانیا زیاتر کۆمەڵایەتیین و لەگەڵ یەکتر تەوقە، باوەش و ماچ دەکەن.

جیا لە مانەش، زۆری خەڵکی بەتەمەن لە ئیسپانیا هۆکارە بۆ ئەوەی رێژەی مردن بە کۆرۆنا زۆر بێت چونکە ئەو کەسانەی تەمەنیان هەیە بەرگری لەشیان لاوازترە و کەمتر دەتوانن بەرگەی کوشندەیی ڤایرۆسەکە بگرن.

هەروەها پزیشکان پێیانوایە، ئیسپانیا درەنگ رێکارەکانی جێبەجێکردووە و تێکەڵبوونی خەڵک لە چەند بۆنەیەک وایکردووە بەوجۆرە ژمارەکان زیاد بکەن، بۆ نموونە، یادی هەشتی مارسی ژنان کە لە مەدرید کرایەوە، یەکێکە لەو بۆنانەی گومان دەکرێت هۆکاری بڵابوونەوەی ڤایرۆسەکە بێت.

AlJazeera