دوو تووشبووی دیكەی كۆرۆنا لە ھەولێر چاك بوونهوه
چاوەڕێ دەكرێت رەوانەی ماڵەوە بكرێنەوە
K24 - ھەولێر
دوو تووشبووی دیكەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ھەولێر نیشانەكانی نەخۆشییەكەیان نەماوە و دوا پشكنینەكانیان رەوانەی سەنتەری چارەسەر كراوە.
د. شاخەوان ئەسعەد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئیماراتی بۆ چارەسەری کۆرۆنا لە بەحرکە بە کوردستان24ی راگەیاند: "دوو تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ھەولێر، هیچ نیشانەیەکی نەخۆشییەکەیان نەماوە، پشکنینەکانیان بۆ سەنتەری چارسەرەکان نێردراوە، بۆ ئەوەی ئەگەر نێگتیڤ دەرچوو، رەوانەی ماڵەوە بكرێنەوە".
ئاماژەی بەوەشكرد: "یەكێك لە نەخۆشەكانمان منداڵە و نەخۆشی پاقلەی ھەیە، بۆیە ناتوانین ئەو حەبەی پێبدەین كە وەك چارەسەر بەكاری دەھێنین، بەڵام چارەسەری جێگرەوەمان پێداوە و باری تەندروستی جێگیرە".
دوێنێ 3 كەسی تووشبوو لە ھەولێر دوای ئەوەی بە تەواوی چاكبوونەوە رەوانەی ماڵەوە كرانەوە، ھەروەھا لە سلێمانی 9 هاووڵاتی ڤایرۆسەکەیان تێپەڕاند و چوونەوە ماڵەکانیان. تائێستا 51 تووشبووی كۆرۆنا لە ھەرێمی كوردستان چاكبوونەتەوە.