دوای تووشبوونی به كۆرۆنا عه‌لی ئه‌كبه‌ر ویلایه‌تی چاكبووه‌وه
له ماوه‌ی 24 كاتژمێری رابردوودا 123 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه
K24 – هه‌ولێر:
ئاژانسی هه‌واڵی ته‌سنیمی ئێرانی بڵاویكرده‌وه، عه‌لی ئه‌كبه‌ر ویلایه‌تی، راوێژكاری رابه‌ری شۆڕشی كۆماری ئیسلامی ئێران، عه‌لی خامنه‌یی بۆ كاروباری نێوده‌وڵه‌تی دوای گیرۆده‌بوونی به په‌تای كۆرۆنا چاكبووه‌ته‌وه.
رۆژی 12ی ئه‌م مانگه، ویلایه‌تی به هۆی تووشبوونی به كۆرۆنا خرابووه ژێر چاودێری پزیشكییه‌وه.
ئه‌مڕۆ به‌رپرسانی ئێران هه‌واڵی چاكبوونه‌وه‌ی ویلایه‌تییان پشتڕاست كرده‌وه و هاوكات رایانگه‌یاند، له ماوه‌ی 24 كاتژمێری رابردوودا 123 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه و 2 هه‌زار و 901 كه‌سی دیكه تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوونه.
له ئێران ژماره‌ی حاڵه‌ته‌كانی گیانله‌ده‌ستدان گه‌یشتووه‌ته 2 هه‌زار و 640 كه‌س و تووشبووانیش ژماره‌یان گه‌یشتووه‌ته 38 هه‌زار و 309 كه‌س.