سەرۆک وەزیرانی هۆڵەندا داوا دەکات کەس پلانی گەشتکردن دانەنێت
پێشبینی دەکات بەمزوانە کۆرۆنا کۆتایی نەیەت
K24 - هۆڵەندا:
مارک روتە سەرۆک وەزیرانی هۆڵەندا لە پرێس کۆنفرانسێکدا، بڕیاری پابەند بوون بە رێنماییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە تا 6ی نیسان بوو، درێژکردەوە بۆ 28ی نیسان.
هۆڵەندا داخستنی تەواو (لۆک داون) ی زیرەک پیادەدەکات، بە پێچەوانەی وڵاتانی تری ئەوروپاوە، کە بریتییە لە داخستنی هەموو چێشتخانە، کافتێریا، مۆزەخانەکان، سەرتاش و هەموو ئەو کارو خزمەتگوزاریانەی نزیک بوونەوەی کەسەکانی تێدایە.
هەروەها، داخستنی قوتابخانە و زانکۆکان بەلای کەمەوە تا پشووی مانگی پێنج- مایس پەیڕەو دەکرێت. هەروەها، هاووڵاتیان لە ماڵەوە کاردەکەن؛ لەدەرەوەش، زیاتر لە دووکەس بۆیان نییە کۆببنەوە ئەوەیش بەو مەرجەی دووری نێوانیان لە مەتر و نیوێک کەمتر نەبێت.
سەرۆک وەزیران لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکدا راشیگەیاند : پلان بۆ گەشتکردن تا 1ـی حوزەیران دامەنێن، لەبەر ئەوەی گەرەنتی نییە کە ژیانی ئاسایی دەستپێبکاتەوە و ئەگەری دووبارە درێژکردنەوە هەیە.
ئاماژەی بەوەشدا، هەفتەیەک بەر لە 28ـی نیسان لە ئەنجومەنی وەزیران کۆدەبینەوە و دووبارە هەڵسەنگاندن بۆ بارودۆخەکە دەکەین و بڕیاری نوێ و دروست لەبەرژەوەندی خەڵک دەدەین.
ئاشکراشیکرد، بەداخەوە تا سەرەتای مانگی حوزەیران هیچ چالاکیەکی وەرزشی ئەنجام نادرێت تا باس لە ئامادەبوونی هاندەران بکەین.