ئه‌مریكا.. له‌رۆژێكدا 748 كه‌س ده‌مرن
كۆرۆنا گه‌وره‌ترین زیان به ئه‌مه‌ریكا ده‌گه‌یه‌نێت
K24 - مینیسۆتا – ئه‌مه‌ریكا:
كۆرۆنا ڤایرۆس كه ده‌بێته هۆی شێواندن و له‌كارخستنی كۆئه‌ندامی هه‌ناسه له ئه‌مریكا بووه‌ته نه‌خۆشی ژماره 3 كه توانای كوشتی هاووڵاتیانی هه‌یه، ئه‌ویش له دوای نه‌خۆشییه‌كانی دڵ و شێرپه‌نجه.
به‌پێی داتایه‌كی نوێ كه ماریا دانیلشیڤ پزیشك له نۆژداری پیری و هه‌ناو و زانیاری داتاكان له سان دیگۆ-ی ویلایه‌تی كالیفۆرنیا، ئه‌وه روونده‌كاته‌وه كۆڤید 19 چه‌ند نه‌خۆشییه‌كی تێپه‌ڕاند كه له ئه‌مریكا ده‌بنه هۆی مردنی هاووڵاتیان. ئه‌وانیش نه‌خۆشییه‌كانی "نه‌خۆشیی درێژخایه‌نی سییه‌كان، جه‌ڵته‌ی مێشك، نه‌خۆشی زه‌هایمه‌ر، شه‌كره، ئه‌نفلۆنزا، هه‌وكردنی سییه‌كان و گورچیله".
ماریا كه 20 ساڵه ئه‌زموونی له‌و بواره‌دا هه‌یه، نه‌خشه‌ی داتایه‌كی خسته به‌رده‌م گۆڤاری نیوزویك كه به‌شێكه له ستراكچه‌ری پلانی سه‌نته‌ری ئه‌مریكی بۆ بنبڕكردنی نه‌خۆشی و خۆپاراستن، ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو كه تێكڕا، له رۆژ بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشییه‌كه‌وه تا رۆژی 2 نیسان، له ئه‌مه‌ریكا ، تێكڕا له رۆژێكدا 748 كه‌س مردووه به‌راورد به شێریهنجه كه له رۆژێكدا 1641 كه‌س و به‌هۆی نه‌خۆشییه‌كانی دڵه‌وه له رۆژێكدا 1774 كه‌س مردووه.
ماریا نایشارێته‌وه ئه‌وه له‌كاتێكدایه هێشتا كۆرۆنا ڤایرۆس كۆتایی به مه‌رگی خه‌ڵك نه‌هێناوه. به‌پێی ئه‌و داتایانه‌ی زانكۆی جۆنز هۆبكنز بڵاویده‌كاته‌وه تا رۆژی 2ی نیسان، له ئه‌مریكا 216 هه‌زار و 692 كه‌س تووشبوون و 5 هه‌زار و 147 كه‌سیش مردوون.
به‌پێی داتاكه له 1ی ئادار بۆ 18ی ئادار ژماره‌ی مردن به كه‌می زیادیكردووه، به‌ڵام له 21ی ئاداره‌وه به شێوه‌یه‌كی خێرا هه‌ڵكشاوه. به‌پێی ئه‌و داتایه‌ی كه ماریا خستویه‌تییه روو بۆ نیوزویك، رۆژی 20- 24 ژماره‌ی مردن زۆر زیاتر بووه له رۆژانی پێشوو كه تێكڕا له رۆژێكدا 247 كه‌س مردووه.
هه‌روه‌ها پهیڤدهرهكهی نیوزویك باس له‌وه‌ده‌كات كه له 26-31ی ئادار تێكڕا رۆژانه 748 كه‌س به كۆرۆنا ڤایرۆس مردووه كه به‌مه ده‌بێته سێیه‌مین نه‌خۆشی سه‌ره‌كی بۆ گیان له‌ده‌ستدانی خه‌ڵك له دوای شێرپه‌نجه و نه‌خۆشییه‌كانی دڵ.
به‌پێی ئه‌و هێڵكارییه‌ی كه گۆڤاره‌كه خستویه‌تییه‌ڕوو ده‌شێت تا كۆتایی مانگی حوزه‌یران، كۆرۆنا ڤایرۆس له‌سه‌رتاسه‌ری جیهاندا به سێیه‌م نه‌خۆشی بێت كه ببێته هۆی مردنی نزیكه‌ی 500 هه‌زار كه‌س. له‌كاتێكدا ساڵانه 599 هه‌زار و 274 كه‌س به‌هۆی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه له جیهاندا ده‌مرن و 655 هه‌زار و 381 كه‌سیش به نه‌خۆشی دڵ.