"ئەمەریکا دانوستاندن لەگەڵ سعوودیە و رووسیا ناكات"
سەرچاوەیەك: واشنتن دەیەوێت رووسیا و سعوودیە بگەنە رێککەوتنێکی کۆتایی
K24 - ھەولێر
سەرچاوەیەک بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، دان برویلیت، وەزیری وزەی ئەمەریکا بە بەرپرسانی کۆمپانیا نەوتییەکان گوتوە "کۆشکی سپی لەبارەی رێککەوتنی کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان لەگەڵ رووسیا و سعوودیە دانوستاندن ناکات، بەڵکو دەیەوێت هەردوولا بگەنە رێککەوتن".
وەزیری وزەی ئەمەریکا پەیوەندی بە بەرهەمهێنەرە سەربەخۆکان و لایەنەکانی دیکەی پیشەسازی نەوت کردووە، لە پەیوەندییەکەدا ئاماژەی بەوەداوە، کۆشکی سپی لە ههوڵی دۆزینەوەی دەرچەیەک بۆ رزگاربوونی کۆمپانیاکان لە دابەزینی نرخی نەوت.
هەروەها وەزیری وزەی ئەمەریکا دەڵێت، کۆشکی سپی هانی رووسیا و سعوودیە دەدات بگەنە رێککەوتن و ترەمپ گەشبینە لە چەند رۆژی داهاتوو لایەنەکان بگەنە رێککەوتن.
هەروەها ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەداوە، کە ئۆپێک دەیەوێت ئەمەریکا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت کەمبکاتەوە، بۆ ئەوەی سەقامگیری بۆ بازاڕی نەوت بگەڕێتەوە.