کۆبوونەوەی ئۆپێک دواخرا
بۆ سەقامگیری بازاڕی نەوت پێویستە
K24 - ھەولێر
سامر غەزبان، وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، بە هۆکاری هونەری کۆبوونەوەی ئۆپێک بۆ رۆژی پێنجشەممە دواخرا.
غەزبان، لە لێدوانێکیدا رایگەیاند، ئەو کۆنگرەی بڕیاربوو سبەی دووشەممە بەڕێوەبچێت بۆ رۆژی پێنجشەممە دواخرا، هۆکارەکەشی هونەرییە، چونکە لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفڕانسەوە بەڕێوەدەچێت و ئەوەش پێویستی بە ئامادەکاری باش هەیە.
هاوکات غەزبان ئاماژەی بەوەشدا، چەند وڵاتێک لە توێژینەوەدان بۆ کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان و پێشبینی دەکەن بڕەکەی زۆر زیاتر کەمبکرێتەوە، هەروەها کۆبوونەوەکە بە بەشداری ئەندامانی ئۆپێک وڵاتانی هاوپەیمانی رێکخراوەکە و وڵاتانی دیکەی بەرهەمهێن بەڕێوەدەچێت، و ئەو کەمکردنەوەیەش لە بەرهەمهێنان پێویستە بۆ دڵنیایی لە سەقامگیری بازاڕ و گەشانەوەی ئابووری جیهان.
پێشبینی دەکرێت كۆبوونەوەی ئۆپێک پڵەس بە بەشداری ئەندامانی رێکخراوەکە و هاوپەیمانەکانی بە سەرۆکایەتی رووسیا بەڕێوەبچێت، وڵاتانی دیکەی وەک ئەمریکا، کەنەدا بەرازیل و نەرویج و وڵاتانی دیکەش بەشدار بن.