چین لە مانگێكدا 4 ملیار دەمامك دەفرۆشێتە وڵاتان

ھاوكات 16 ھەزار ئامێری ھەناسەدانی ھەناردە كردووە

K24 - ھەولێر

لە ماوەی تەنیا یەك مانگدا چین 4 ملیار دەمامكی فرۆشتووەتە وڵاتانی جیھان.

بەگوێرەی ئیدارەكانی گومرگ لە چین، وڵاتەكە لە سەرتای مانگی رابردوو نزیكەی 4  ملیار دەمامكی بە وڵاتانی بیانی فرۆشتووە بە ئامانجی رێگری كردن لە زیاتر تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی كۆرۆنا، ھەوڵشیداوە باشترین جۆری دەمامك و پێداویستی تەندروستی ھەناردە بكات.

ھاوكات سەرەڕای كەمبوونەوەی ژمارەی تووشبوان لە چین و دروستبوونی كورتھێنانی دەمامك لە جیھان، بەڵام پەكین ھانی كارگەكان دەدات بەرھەمھێنانی پێداویستییە تەندروستییەكانیان زیادبكەن.

ھەر بەگوێرەی ئیدارەكە، لە سەرەتای مانگی رابردوو، 3 ملیار و 860 ملیۆن دەمامك  و 37 ملیۆن و 500 ھەزار جلوبەرگی پزیشکی و ھەروەھا 16 ھەزار ئامێری ھەناسەدان و 2 ملیۆن و 840 ھەزار ئامێری ئاشكراكردنی تووشبووان بە كۆرۆنا ھەناردەی زیاتر لە 50 وڵاتی جیھان كردووە، کە بەھای هەناردەکراوەکان بە ملیارێك و 330 ملیۆن یۆرۆ دەخەمڵێندرێت .