عێراق و چین بە بەھای زیاتر لە 203 ملیۆن دۆلار گرێبەستێك واژۆ دەكەن

چین بۆ گرێبەستێك لەگەڵ عێراق ئامادەكاری دەكات

K24 - ھەولێر

چین ئامادەكاری بۆ ئەنجامدانی گرێبەستێك بەبەھای زیاتر لە 203 ملیۆن دۆلار لەگەڵ عێراق دەكات.

ماڵپەڕی ئۆیڵ پرایس لە راپۆرتێکدا ئاشكرایكردووە ، چین ئامادەكاری گرێبەستێك لەگەڵ عێراق دەكات، بە بەھای 203 ملیۆن و 500 ھەزار دۆلار لەرێگەی كۆمپانیای CPECC بۆ ئەندازیاری و بیناسازی پترۆلی چین، ئامانجی گرێبەستەكەش پەرەپێدانی كێڵگەی مەجنوون كە دەكەوێتە باشووری عێراق و ماوەی گرێبەستەكە 25 ساڵ دەبێت و بڕیاریشە دوای دوو ساڵ لە واژۆكردنی گرێبەستەكە، كارەكانی بكەونە بواری جێبەجێكردنەوە.

بەگوێرەی مەرجەكانی گرێبەستەكەی نێوان ھەردوو وڵات، رێگە بە چین دەدرێت ساڵانە قازانجی زیاتر بەدەست بھێنێت لەو وەبەرھێنانەی لە كێڵگە نەوتییەكە دەیكات و چینییەكان بۆ ماوەی 18 مانگ نرخی ناوەندی ھەر بەرمیلێك نەوت دەستنیشاندەكەن، ھەروەھا چین بۆ ماوەی 5 ساڵ داشكانێك بەرێژەی  %10ی دەستدەكەوێت لەو نەوەتەی كە دەردەھێنرێت.