51 تووشبووی كۆرۆنا دوای چاكبوونه‌وه‌ گه‌ڕێنراونه‌ته‌وه‌ نه‌خۆشخانه‌

كۆرۆنا یه‌خه‌ی مرۆڤایه‌تی به‌رنادات

K24 - مینیسۆتا – ئه‌مه‌ریك:

رۆژی 6ی نیسان 51 نه‌خۆشی ڤایرۆسی كۆرۆنا، دوای چاكبوونه‌وه‌یان له‌ كۆریای باشوور، نیشانه‌كانی نه‌خۆشییه‌كه‌یان تێدا ده‌ركه‌وتۆته‌وه‌. دوای ئه‌وه‌ی پشكنینیان بۆ كراوه‌ ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ تووشی كۆرۆنا ڤایرۆس بوونه‌ته‌وه‌.

به‌ پێی راپۆرتێكی تۆڕی شینخوا-ی چینی، ئه‌و 51 نه‌خۆشه‌ له‌ شاری دایگۆ كه‌ شارێكی باكووری هه‌رێمی جیونگسانگ-ه‌ كه‌ زۆرترین زیانی به‌ركه‌وتووه‌ و خرایه‌ ژێر كه‌ره‌نتین–ه‌وه‌ له‌ دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌ له‌ كۆریای باشوور.

هه‌روه‌ها نووسیویه‌تی: "دوای چه‌ند رۆژێك له‌ شكاندنی كه‌ره‌نتینی شاره‌كه‌، ئه‌م 51 حاڵه‌ته‌ ده‌ركه‌وتۆته‌وه‌ له‌ ناوچه‌كه‌ كه‌ پێشتر تووشبووبوون به‌ كۆرۆنا ڤایرۆس و چاكبووبوونه‌وه‌".

هه‌روه‌ها سه‌نته‌ری بنبڕكردنی نه‌خۆشی و خۆپاراستنی نه‌خۆشیيه‌كان له‌ كۆریای باشوور رۆژی 6ی نیسان رایگه‌یاند ڤایرۆسه‌كه‌ له‌ ناوچه‌كه‌ سه‌ریهه‌ڵداوه‌ته‌وه‌ دوای ئه‌وه‌ی ده‌ركه‌وت ئه‌و 51 نه‌خۆشه‌ نیشانه‌كانیان تێدا ده‌ركه‌وتۆته‌وه‌. 

دایگۆ به‌ دووری 300 كیلۆمه‌تر ده‌كه‌وێته‌ باشووری خۆرهه‌ڵاتی سیئۆل-ی پایته‌خته‌وه‌یه‌. سه‌نته‌ری بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشییه‌كه‌ بوو له‌ كۆریای باشوور و 80%ی خه‌ڵكی شاره‌كه‌ تووشی كۆرۆنا بوون.

هه‌روه‌ها به‌پێی راپۆرتێكی نیوزویك، زانایانی به‌ریتانیا تووشبوونه‌وه‌ی چاره‌سه‌ربووانی كۆرۆنا ڤایرۆس به‌ ئه‌گه‌رێكی زۆر دوور ده‌زانن، چونكه‌ رۆژی 16 ی ئادار دوای ئه‌وه‌ی زانكۆی ئێست ئه‌نگلیا له‌ له‌نده‌ن تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی له‌سه‌ر مه‌یمونێكی تووش بوو به‌ كۆرۆنا كرد, دوای چاكبوونه‌وه‌ی ده‌ركه‌وت به‌رگری له‌شی به‌هێز بووه‌ به‌رامبه‌ر ڤایرۆسه‌كه‌ و تووشنه‌بووه‌ته‌وه‌.

پرۆفیسۆر پۆل هانته‌ر، له‌ زانكۆی ئیست ئه‌نگلیا و پسپۆری نه‌خۆشییه‌ گواستراوه‌كان پێیوایه‌ هه‌موو تاقیگه‌یه‌كی پشكنینی كۆرۆنا ئه‌گه‌ری هه‌ڵه‌ی 20%ی هه‌یه‌.

گوتیشی: "ده‌شێت ئه‌وه‌ ئه‌نجامی پشكنینانه‌ی كراونه‌ته‌وه‌ هه‌ڵه‌ی تێدا بێت، چونكه‌ بڕوام نییه‌ كه‌سێك له‌كرۆنا ڤایرۆس چاكبێته‌وه‌، دووباره‌ تووشببێته‌وه"‌.

له‌كۆریای باشوور تا رۆژی 7ی نیسان، 10 هه‌زار و 331 كه‌س تووشی نه‌خۆشییه‌كه‌ بوون و 192 كه‌سیش مردوون.