ترەمپ: ئۆپێک داوای کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی لێنەکردووین

سەرچاوەیەک لە ئۆپێک: ئەمەریکا بەشدار نەبێت رێککەوتن ناکرێت

K24 - ھەولێر

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا رایگەیاند، ئۆپێک گوشاری نەخستووەتە سەر واشنتن بۆ ئەوەی داوا لە کۆمپانیاکانی ئەمەریکا بکات، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت کەمبکەنەوە.

سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی بەودا، کە بەهۆی زیانەکانەوە بێگومان ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی وڵاتەکەی کەمیکردووە.

چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ئاژانسی رۆیتەرزیان راگەیاندووە، پێشبینی دەکرێت وڵاتە بەرهەمهێنەرەکانی نەوت بە رووسیا و سعوودیەشەوە بۆ کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان بگەنە رێککەوتن، بەو مەرجەی ئەمەریکاش بەشدار بێت لە کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت.

یەکێک لە سەرچاوەکان دەڵێن، پوختەی باس ئەوەیە، ئەمەریکا بەشدار نەبێت رێککەوتن ناکرێت.

بەهۆی لێکەوتە نەرێنییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا و نوقمکردنی بازاڕ بە نەوت لە لایەن سعوودیەوە، خواستی جیهانی بۆ نەوت بە رێژەی لە 30% دابەزیووە کە دەکاتە نزیکەی 30 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە.