هەڕەشەیەک لە ئەمەریکاوە بۆ سعوودییە

لەسەر نەوت ئەمەریکا هەڕەشە لە سعوودییە دەکات

K24 – هه‌ولێر:

بە گوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی رۆیتەرز، کۆمارییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران نامەیەکیان لە باری ناسەقامگیری بازاری نەوت بۆ شازادەی جێنشینی سعوودیە رەوانە کردووە، نیگەرانی خۆیان لە بارەی بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت وڵاتەکە خستووەتەڕوو.

کۆمارییەکانی کۆنگرێس نووسیویانە سەرەڕای تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا و قەیرانی تەندروستی جیهان، سعوودیە بازاڕی نەوتی خاوی شێواندووە.

لە نامەکەدا 48 کۆنگرێسمانی کۆماری واژۆیان لەسەر کردووە و تێیدا هەڕەشەیان لە سعوودیە کردووە، چارەسەری قەیرانی وزەی جیهانی بکات و بازاڕی نەوت سەقامگیر بکاتەوە، ئەگەرنا هاوکاریە ئابووری و سەربازییەکانی نێوان ئەمریکا و سعوودیە دەکەوێتە مەترسییەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە، تێچووی بەرهەمهێنانی نەوتی لیتەیی ئەمریکا بەرزە، بە جۆرێک تێچووی بەرهەمهێنانی بەرمیلێکی نزیکەی دوو هێندەی نرخی بەرمیلێک نەوتە لە بازاڕەکاندا، ئەوەش زیانی بە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوتی ئەمریکا گەیاندووە، زۆربەیان هەڕەشەی مایەپووچبوونیان لەسەرە.

H.J