ئەمەریکا بەرزترین ئاستی مردنی بەهۆی کۆرۆنا تۆمار کرد
لە ماوەی 24 کاتژمێر ئەمەریکا زۆرترین کەسی لەدەستداوە
K24 – ههولێر:
زانکۆی جۆنس هۆپکینز بڵاویکردەوە، لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوو لە ئەمەریکا، زیاد لە دوو هەزار کەس بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە. بەمەش، ئەمەریکا دەبێتە یەکەم وڵاتە لە یەک رۆژدا ئەو ژمارە کەسە بەهۆی کۆرۆنا لە دەست بدات.
دوێنێ هەینی، دوو هەزار و 108 کەس لە ئەمەریکا بەهۆی ڤایرۆسەکە گیانیان لەدەستدا، بەمەش ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی ڤایرۆسەکە گیانیان لەدەستداوە گەیشتە 18 هەزار و 600 کەس.
لای خۆیەو رۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاویکردووەتەوە، ئەگەر رێکاری مانەوە لە ماڵەوە هەڵبگیرێت، لەم هاوینە، 200 هەزار کەس بەهۆی کۆرۆنا لە ئەمەریکا دەمرن و 100 ملیۆن کەسیش دەبنە هەڵگری ڤایرۆسەکە.
تاوەکو ئێستاش، هیچ هیوایەک بۆ بەرهەمهێنانی چارەسەرێکی بنەڕەتیی بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا نییە، گومانیش دەکرێت، لە وەرزی هاوین، کۆرۆنا لە ناو بچێت.
RT