وەزیری نەوتی عێراق ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی ئۆپێک ئاشکرا دەکات
بەرهەمهێنانی نەوت کەمدەکرێتەوە
K24 – ههولێر:
سامر غەزبان وەزیری نەوتی عێراق دیارترین خاڵەکانی کۆبوونەوەی ئۆپێک پڵاسی خستەڕوو و تێیدا ئاماژە بە پشکی وڵاتان دەکات لە کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتەکانیان.
غەزبان لە لێدوانێکیدا رایگەیاند، وڵاتان لە کۆبوونەوەکە رێککەوتن لەسەر کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان بە گوێرەی ئەو بڕەی لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی 2018 بۆیان دیاریکرابوو، لەسەر بنەمای ئەو مانگە کەمکردنەوەکان دیاریدەکرێن و روونیشی کردەوە، کەمکردنەوەی 10 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە نزیکەی لە سەدا 23 بەرهەمهێنانی ئۆپێک لە خۆدەگرێت، بۆ ئەوەش پێویستە سەرجەم وڵاتان پابەندی ئەو دابەزاندنە بن.
وەزیری نەوتی عێراق ئاماژەی بەوەشدا، هیوایان لەسەر چەند وڵاتێکی دیکەی دەرەوەی ئۆپێک و ئۆپێک پڵەس هەڵچنیووە، وەک ئەمریکا، کەنەدا، بەرازیل، نەرویج و چەند وڵاتێکی دیکە کە بە هەموویان پێنج ملیۆن بەرمیلی دیکە کەمبکەنەوە، و ئەگەر ئەو وڵاتانە پابەند بن تێکڕای کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان دەگاتە 15 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە.
غەزبان دەشڵێت لە کۆبوونەوەکەدا تەنیا وڵاتانی ئەندام لە ئۆپێک و ئۆپێک پڵەس بە کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان پابەند کراون، و وڵاتانی دیکەی دەرەوە رێککەوتنە پابەند نین، واتە ئەو رێککەوتنە سوودێکی گەورە بە بەرهەمهێنەرانی نەوتی لیتەیی دەگەینێت، و بۆیە پێشبینی ناکەن ئەو چارەسەر بەردەوام بێت و درێژە بکێشێت، هەروەها تەشەنەسەندنی بەردەوامی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە وڵاتان هەڕەشەیەکی دیکەیە لەسەر خواست بۆ نەوت و مەترسییەکانی هەر ماوە.
H.J