"عێراق رووبەڕووی سەختترین ساڵی دارایی دەبێتەوە"
داوا لە حكومەت دەكرێت بوودجەیەكی بەپەلە ئامادە بكات
K24 - ھەولێر
راوێژكارێك لە كاروباری وەزارەتی وزەی عێراق رایگەیاند، ئەمساڵ عێراق رووبەڕووی سەختترین ساڵی دارایی دەبێتەوە.
فەلاح ئەلعامری، راوێژكار لە كاروباری وەزارەتی وزەی عێراق لە لێدوانێكدا ھۆشداریدا لەوەی ئەمساڵ عێراق رووبەڕووی سەختترین ساڵی دارایی دەبێتەوە، لەوەتەی 2003 ـەوە تاوەكو ئێستا، هەروەها داوای لە حكومەت كرد پڕۆژە بوودجەیەكی بەپەلە ئامادە بكات و رێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر.
ئەلعامری راشیگەیاند، پشكی عێراق لە كەمكردنەوەی ئاستی بەرھەمھێنانی نەوت لە دوای كۆبوونەوەكەی ئۆپێك، بە بڕی ملیۆنێك و 61 ھەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بووە.
ئاماژەی بەوەشدا، لە ئەگەری ئەوەی عێراق ئەو رێككەوتنە بە تەواوی جێبەجێبكات، ئەوە دووچاری كێشە دەبێتەوە، چونكە چەندین گرێبەست و پاپەندی لەگەڵ كۆمپانیا جیھانییەكان ھەیە. دەبێت وەزارەتی نەوت لەگەڵ كۆمپانیاكان بگاتە رێككەوتنێك بۆ ئەوەی لە 30%ی تێچووی بەرھەمھێنان كەمبكەنەوە.