تەندروستی ھەولێر پێشنیازێك لەبارەی قەدەغەی ھاتووچۆ دەخاتەڕوو

"داتاكان تاڕادەیەكی باش مژدە بەخشن"

K24 - ھەولێر

بەڕێوەبەری تەندروستی ھەولێر ئاشكرای كرد، پێشنیازیان بۆ ژووری ئۆپەراسیۆنی رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا كردووە، كە تا سەرەتایی مانگی داھاتوو قەدەغەی ھاتووچۆ درێژ بكرێتەوە، بەڵام ئەگەر دۆخەكە بەرەوباشی بڕوات بە كۆمەڵێك ئاسانكارییەوە درێژ بكرێتەوە.

د. دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی ھەولێر بە كوردستان24ی راگەیاند: "پێشنیازمان كردووە كە تا 1/5/2020 قەدەغەی ھاتووچۆ لە ھەولێر درێژ بكرێتەوە، بەڵام تا 16ی ئەم مانگە كاتێك وادەی قەدەغەی ھاتووچۆ تەواو دەبێت، پشكنینەكان بەرچاو روونی زیاترمان پێدەدات، ئەگەر رەوشەكە بەرەو باشی بڕوات دەكرێ ئاسانكاری بكرێت و ھەندێك شوێنی تایبەت بكرێنەوە، بەڵام بە جۆرێك رێنماییەكان لەبەرچاوبگیرێن و ھاووڵاتییان پابەندبن".

ئاماژەی بەوەشدا: "ئەو پشكنینانەی لەم چەند رۆژەی دوایی كراون، داتاكان تاڕادەیەكی باش مژدە بەخش بوون و زۆربەی سامپڵەكان نێگەتیڤ بوون، لە 48 كاتژمێری رابردوودا تەنھا پشكنینی یەك كەس ئەكتیڤ دەرچووە، ئەویش بەركەوتووی تووشبووانی پێشوو بوو، بۆیە دەتوانین بڵێین دڵنیایەك ھەیە، بەڵام ئەوە ناگەیەنێت كە ڤایرۆسەكە كۆتایی ھاتووە، بەڵكو دەبێت بەردەوام رێنماییەكان جێبەجێ بكەین".