لە24 کاتژمێری رابردوودا کەمترین کەس لە ئیتالیا بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە

لە بەریتانیا ئامارەكە هێشتا هەر بەرزە

K24- هەولێر:

دەسەڵاتدارانی ئیتاڵیا ئاماری 24 كاتژمێری رابردووی قوربانیانی وڵاتەكەیان راگەیاند و بەگوێرەی بەیاننامەیەكی وەزارەتی تەندروستی ئەو وڵاتە، لە 24 کاتژمێری رابردوودا تەنیا 431 کەس بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە، بەڵام لە بەریتانیا ئامارەكان پێچەوانەن و هێشتا ژمارەی قوربانیان روو لە هەڵكشانە.

بەگوێرەی داتاكانیش، لە ماوەی 3 ھەفتەی رابردوودا ئەمە کەمترین ژمارەی گیان لەدەستدانە کە لە ئیتالیا تۆمار کرابێت.

وەك لە بەیاننامەكەی ئیتاڵیادا ئاماژەی پێدراوە، كۆی ئەوانەی تا ئێستا بەهۆی كۆرۆنا لە ئیتالیا گیانیان لەدەستداوە، ژمارەیان بووەتە 19 ھەزار و 899 کەس، لەكاتێكدا 156 ھەزار و 363 کەسیش تووشی ڤایرۆسەکە بوون.

بەپێچەوانەوە لە بەریتانیا ئامارەکانی گیان لەدەستدان و مردن ھێشتا بەرزن.

تەنیا لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا 737 کەس بەهۆی ئەو ڤایرۆسە گیانیان لەدەستداوە و 5 ھەزار و 288 کەسیش تووشی ڤایرۆسەکە بوون.

تێکڕای گیانلەدەستدان بەهۆی ئەو پەتایە لە بەریتانیا 10 ھەزار 612 کەسە و 84 ھەزار 279 کەسیش تووشی ڤایرۆسەكە بوون.

H.B