گوتەكانی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا دوای دەرچوونی لە نەخۆشخانە

جۆنسن: رزگاركردنی گیانی من هیچ پرسیارێك هەڵناگرێت

K24- هەولێر:

بۆریس جۆنسن سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا دوای ھەفتەیەك مانەوە لە نەخۆشخانە دەرچوو. جۆنسن گوتی: خەڵکی بەریتانیا بە پابەندبوون بە رێنماییەکان بوونەتە قەڵغانێك لە دەوری خزمەتگوزاری تەندروستی نیشتمانی و لە شەڕی دژ بە کۆرۆناش بەرەوپێشچوونمان بەدەستھێناوە.

جۆنسن گوتی: "ئەمرۆ دوای ھەفتەیەك مانەوە لە نەخۆشخانە دەرچووم. دوای ئەوەی ئێن ئێچ ئێس خزمەتگوزاری تەندروستی نیشتمانی گیانیان رزگار کردم، ئەمە ھیچ پرسیارێك ھەڵناگرێت. سوپاسی ھەموو تاکێکی بەریتانیا دەکەم بۆ ئەو قوربانیەی کە داویانە و ئێستاش دەیدەن. لەم کەشوھەوا دڵرفێنەدا دەزانم چەندە سەختە خۆتان و منداڵەکانتان لەماڵەوە ماونەتەوە و نایەنە دەرەوە. سوپاستان دەکەم، چونکە ئێوە کارێکی راست و دروست دەکەن".

جەختیشی كردەوە، "ئەمە شەڕێکی نەتەوەییە دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ھەرچەندە ھێشتا بەتەواوی دوژمنەکەمان ناناسین، بەڵام پێشکەوتنمان بەدەستھێناوە. چونکە خەڵکی بەریتانیا توانیویەتی ببێتە قەڵغانێك لە دەوری خزمەتگوزاری تەندروستی نیشتمانی. ئەگەر رێگە نەدەین خزمەتگوزاری تەندروستی نیشتمانی بەھۆی زۆری ژمارەی تووشبووانەوە بخنکێت ئەوکات شکست ناھێنین".

گوتیشی: "جارێکی دیکە بەناوی خۆم و گەلی بەریتانیاوە سوپاسی ھەموو پزیشك و پەرستارە ئازا و ماندونەناسەکانمان و سەرجەم ستاف و کارمەندانی خزمەتگوزاری تەندروستی نیشتمانی بەریتانیا دەکەم".

H.B