زانیاری مەترسیدار لەبارەی هۆکاری زۆری حاڵەتەکانی کۆرۆنا لە ئەمەریکا ئاشکرا دەکرێت

ئەنفلوەنزاکەی ساڵی رابردوو، کۆرۆنا بوو؟

K24 – هه‌ولێر:

هەندێک لە بەرپرس و پزیشکان لە ئەمەریکا بڕوایان وایە، ئەو ئەنفلوەنزایەی لە مانگی 12- کانوونی یەکەم بڵاوبووەوە، ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە.

د. جێف سمیز، بەڕێوەبەری جێبەجێکار لە ناوچەی سانتا کلارا بە رۆژنامەی لۆس ئەنجلس تایمزی گوتووە، تووندی ئەنفلوەنزاکە و نیشانەکانی وای لە بەرپرسانی تەندروستی کردووە بڕوایان وابێت، ئەنفلوەنزاکەی ساڵی رابردوو، ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە.

دەشڵێت، هەندێک لە خەڵکی کالیفۆرنیا، بەهۆی تووندی ئەنفلوەنزاکە سەردانی نەخۆشخانەیان کردووە و دەکرێت ئەو کەسانە هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنا بووبن.

ئاماژە بەوەش دەکات، بە داخەوە رەنگە ڤایرۆسەکە زۆر پێشتر لە ئەمەریکا بڵابووبێتەوە و ئێمە دەستنیشانمان نەکردبێت، ئەمەش وایکردوە، ئامارەکان لە ئەمەریکا بەو جۆرە بەرزبن.

ئەو بەرپرسە ئاشکرای کردووە، هۆکاری ئەوەی پزیشکان نەیانتوانیوە ڤایرۆسەکە دەستنیشان بکەن ئەوەیە، ئەوان پێیان وابووە، نیشانەکان ئەنفلوەنزای ئاسایین و مایەی نیگەرانی نین.

لای خۆیەوە سەنتەری کۆنتڕۆڵکردن و رێگریکردن لە نەخۆشییەکانی ئەمەریکا بڵاویکردووەتەوە، هەندێک کەس نە گەشتیان کردووە و نە بەرکەوتنیان لەگەڵ تووشبووان هەبووە و نە چوونەتە ئەو شوێنانەی ڤایرۆسەکەی تێدا بڵاوبووەتەوە، کەچی هەر تووشی ڤایرۆسەکە بوون.

 لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردوو، پەتایەک لە جیهان و هەرێمی کوردستانیش بڵاوبووەوە، ئەو کەسانەی تووشبوون بە پەتایەکی دژوار ناوی دەبەن و دەڵێن، هەمان نیشانەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنای هەبووە، بەڵام تاوەکو ئێستا بە شێوەیەکی فەرمی یەکلا نەکراوەتەوە.