هیندۆسەکان هێرش دەکەنە سەر موسوڵمانەکان و بە بڵاوکردنەوەی کۆرۆنا تۆمەتباریان دەکەن
کەسێک بە دەم و لووتی خوێناوییەوە دەبەنە پەرستگایەکی هیندووسەکان و دەڵێن دەبێت واز لە ئیسلام بهێنی
K24 – ههولێر:
وەزیری تەندروسی هیندستان، موسوڵمانانی وڵاتەکەی بە هۆکاری بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆنا دەزانێت، ئەمەش هێرشی بۆ سەر موسوڵمانانی ئەو وڵاتە زیاد کردووە.
بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی نیویۆرک تایمز، چەند گەنجێکی موسوڵمان کە کاری دابەشکردنی خواردن دەکەن، لە لایەن چەند گروپێکەوە پەلامار دەدرێن و بە ئاسن و دار لێیان دەدەن.
بەشێک لە خەڵکەکە پێی وایە، چەند بۆنەیەکی موسوڵمانان بووەتە هۆی ئەوەی کۆرۆنا لە هیند تەشەنە بکات.
گروپێک بە ناوی نیهانگ سیخ، هێرش دەکەنە سەر موسوڵمانان و توندوتیژیان بەرامبەر بە دەکەن. ئەو گروپە و هاوشێوەکانی، جیا لە موسوڵمانان، هێرشدەکەنە سەر پۆلیس و لە رووداوێکدا، دوای دروستبوونی ئاڵۆزی، دەستی پۆلیسێکیان بە شمشێر بڕی و چوار پۆلیس دیکەشیان بریندار کرد.
رۆژنامەی گاردیان، چیرۆکی مەحبوب عەلی لەگەڵ ئەو گروپ دەگێڕێتەوە:
لە گوندی هارێوالی، لە باکووری رۆژئاوای نیودێلهی، گروپێک بە قۆندەرە و دار کەوتنە گیانی مەحبوب عەلی، لە دەم و لوتی خوێنی لێ دەهات. مەحبوب چەند هەفتە پێش ئەوە، بەشداریی لە کۆبوونەوەیەکی موسوڵمانان کردبوو، گروپەکەش موسوڵمانان بە پلانگێڕیی دژی هیندستان تۆمەتبار دەکەن کە دەیانەوێت ڤایرۆسی کۆرۆنا بڵاوبکەنەوە. گروپەکە دەڵێن، ئەو گەنجە 22 ساڵە بەشێکە لەو کەسانە "جیهادی کۆرۆنایان" راگەیاندووە.
گاردیان نووسیویەتی، ئەو تۆمەتانە هەمووی هەڵەبوون، بەڵام بەگوێرەی ئەو گرتە ڤیدیۆیەی بڵاوبووەتەوە، خەڵکەکە لێی دەپرسن: "پێمان بڵێ کێی تر لە پشت ئەم پلانەیە؟".
دواتر ئەو گروپە، ئەو گەنجە موسوڵمانە دەبەنە پەرستگایەکی هیندۆسەکان و لەوێ پێی دەڵێن دەبێت ئاینی خۆی بگۆڕێت، دواتر رەوانەی نەخۆشخانەی دەکەن.
یەکێک لە ئەندامانی خێزانی ئەو گەنجە دەڵێت، ئەگەر لای پۆلیس سکاڵا تۆمار بکەین، لە گوندەکە دەرمان دەکەن و ناهێڵن لەوێ ژیان بکەین.
پۆلیس لەسەر رووداوەکە دەڵێت، ئەو کەسە چەند هەفتەیەک پێش رووداوەکە کەرەنتین کراوە چونکە بەشداریی مەراسیمی ئاینی کردووە و گومانلێکراو بووە، بەڵام دواتر گەڕاوەتەوە ماڵەوە.
کێشەکە ئەو کاتە دەستیپێکرد، گروپێک بە ناوی "کۆمەڵەی تەبلیغی" رێوڕەسمێکی ئاینییان لە ناوەڕاستی مانگی ئادار رێکخست کە هەشت هەزار کەس بەشداریی تێداکرد، دواتر پۆلیس رایگەیاند، لە نێویان تووشبوو هەبووە.
ئێستا 27 هەزار ئەندامی ئەو کۆمەڵەیە کەرەنتینکراون و ئەوانەشی بەشدارییان لە رێوڕەسمەکە کرد، بە بڕی نزیکەی 130 دۆلار سزا دران.
پێش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناش، هیندۆسەکان هێرشیان بۆ سەر موسوڵمانەکان دەستپێکردبوو، تەنانەت بایکۆتی دوکان و بازرگانییەکانیان کرا و بە "تیرۆرست" ناودەبران.
لە هیندستان، 10 هەزار و 541 حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا هەیە، لەو ژمارەیەش، 358 کەس گیانیان لەدەستداوە و هەزار و 205 کەسیش چاکبوونەتەوە.